رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، تۆڕێکی گەورەی لە سایلۆی کەربەلا هەڵوەشاندووەتەوە کە لە 19 فەرمانبەر پێکهاتبوون. تۆمەتبارەکان ویستوویانە زیاتر لە 13 ملیار دینار لە سامانی گشتی بدزن.
رۆژی یەکشەممە (18ی تشرینی یەکەمی 2026)، دەستەی دەستپاکیی عێراق بڵاویکردەوە: "تیمێکی لێکۆڵینەوە دوای وەرگرتنی زانیاریی ورد چوونەتە سایلۆی کەربەلا و گەندەڵییەکی گەورەیان ئاشکرا کردووە. ئەوان گەنمی زیاتریان لەو بڕە گەنمە نووسیووە کە جووتیاران رادەستیان کردووە".
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، دوو فەرمانبەر لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکراون، کە لە بەرامبەر پارەدا بڕی گەنمی هەندێک جووتیاریان لە لیستەکاندا زیاد کردووە.
وەک دەستەکە دەڵێ، لە هەندێک دۆخدا بڕی گەنمەکە 20 هێندەی بڕی راستەقینە نیشان دراوە بۆ ئەوەی پارەی زیاتر لە دەوڵەت وەربگرن، کە نرخی هەر تۆنێک گەنم 700 هەزار دینارە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ: "ئەو بڕە گەنمەی بە ساختە و لەرێگەی دەستکاریی نووسراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵەوە تۆمارکراوە، گەیشتووەتە 17 هەزار و 782 تۆن. کۆی ئەو پارەیەی لەم هەوڵەدا رێگری لە بەهەدەردانی کراوە، دەگاتە 13 ملیار و 240 ملیۆن و 833 هەزار دینار".
دادگە فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ بەڕێوەبەری سایلۆکە و 16 فەرمانبەری دیکە دەرکردووە. ئێستا دوو تۆمەتبار بەپێی مادەی (289)ی یاسای سزادان دەستبەسەرن و فەرمانبەرەکانی دیکەش بە کەفالەت ئازادکراون تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.

.jpg&w=3840&q=75)