رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە بەغدا لەگەڵ محەممەد سەمعان ئاغا، وەزیری دەوڵەتی عێراق کۆبووەوە. فیدان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش کۆبووەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە بۆ بەشداریکردن لە 52ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کردووە، چەندین دیداری ئەنجامدا.
فیدان، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا، لەگەڵ محەممەد سەمعان ئاغا، وەزیری دەوڵەتی عێراق و سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق و شاندێکی یاوەری لە نوێنەرانی تورکمان کۆبووەوە.
هاکان فیدان، لە چوارچێوەی دیدارە دیپلۆماسییەکانیدا لە بەغدا، هەروەها لەگەڵ هەریەک لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە.
رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە دروستکردنی وەزارەتە نوێیەکانی عێراق کرد و دەڵێ، دانانی پارێزگاری کەرکووک وەک وەزیری دەوڵەت، هەنگاوێکی دروستە لەپێناو سەقامگیریی سیاسی و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی گەلی تورکمان.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێیوایە ئەم پێشهاتە، خێرایی دەداتە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی وزە، ئاو، ژێرخان و ئاسایش، بەتایبەتی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتبوو: "دانانی محەممەد سەمان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، وەک وەزیری دەوڵەت لە کابینەی نوێدا بە هەنگاوێکی دروست بە ئاراستەی سەقامگیریی سیاسی، سازانی کۆمەڵایەتی و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی گەلی تورکمان دەبینین."

