رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا (2014 تا 2025) بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تێکڕای ڕێژەی کرداریی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە تەنها 2.04% بووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو ماوەیەدا کۆی پارەی تەمویلکراو لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 41 ترلیۆن و 42 ملیار دینار بووە، لە بەرامبەر کۆی 212 ترلیۆن و 761 ملیار دیناری گشتی کە بۆ تەمویلی مووچە بەکارهاتووە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە تەنها دەکاتە 46 مووچە لە کۆی 144 مووچەی شایستە لە ماوەی ئەو 12 ساڵەدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پشکی فەرمی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا لە قۆناغە جیاوازەکاندا 17% و دواتریش 12.67%بووە.
لە بەشێکی تری راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لە ساڵانی 2014، 2020 و 2022دا، بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە، حکومەتی فیدراڵ پارەی تەمویلکراوی بۆ هەرێمی کوردستان وەکو قەرز هەژمار کردووە بۆ ئەوەی دواتر لە پشکی هەرێمی ببڕێتەوە.
سەبارەت به داتاکانی پلاندانانیش، وەزارەتی دارایی دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 و بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووان پیشانی دەدەن کە پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت ڕێژەی 14.14%ی بودجەی گشتی عێراق بێت، کەچی تێکڕای نێردراو زۆر لە خوار ئەو رێژەیەوە بووە
.



