رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا لەسەر ئاستی جیهان، سەتان ملیۆن کەس بەدەست برسێتی و کەمیی خۆراکەوە دەناڵێنن، راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو) هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی بەفیڕۆدانی خۆراک، کە تێیدا عێراق و سووریا لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەن ساڵانە زۆرترین بڕی خۆراکیان تێدا فڕێ دەدرێ.
بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP)، لە کاتێکدا تێکڕای بەفیڕۆدانی خۆراک بۆ هەر تاکێک لە جیهاندا ساڵانە نزیکەی 132 کیلۆگرامە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کەشوهەوایەکی گەرمیان هەیە، رێژەیەکی ئێجگار بەرزتر تۆمار دەکەن:
سووریا: هەر تاکێک ساڵانە 227 کیلۆگرام خۆراک بەفیڕۆ دەدات و لە دوای ماڵدیڤ (260 کگم) لە پلەی دووەمی جیهاندایە.
عێراق: هەر تاکێک ساڵانە 205 کیلۆگرام خۆراک فڕێدەدات.
تورکیا: هەر تاکێک ساڵانە 163 کیلۆگرام خۆراک بەفیڕۆ دەدات.
ئێران: هەر تاکێک ساڵانە 135 کیلۆگرام خۆراک فڕێدەدات.
لە بەرامبەردا، هەندێک لە وڵاتانی وەک ئیسپانیا کەمترین بڕی بەفیڕۆدانیان تۆمار کردووە، کە ساڵانە دەگاتە 39 کیلۆگرام یان کەمتر بۆ هەر تاکێک.
زیانی ئابووری و ژینگەیی بەفیڕۆدانی خۆراک
بەپێی داتاکانی فاو و نەتەوە یەکگرتووەکان، بەفیڕۆدان و لەدەستچوونی خۆراک لە کێڵگەوە تاوەکو دەگاتە سەر مێزی نانخواردن، ساڵانە زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی جیهانی دەگەیەنێت، بەم شێوەیە:
لەدەستچوون بەر لە گەیشتن بە بازاڕ: نزیکەی 13%ـی ئەو خۆراکەی لە جیهاندا بەرهەمدەهێندرێ دوای لێکردنەوە و پێش ئەوەی بگاتە فرۆشگاکان، لە کاتی کۆگاکردن، گواستنەوە یان پرۆسێسکردندا تێکدەچێت (بەتایبەت سەوزە و میوە)، کە بەهاکەی ساڵانە زیاتر لە 400 ملیار دۆلارە.
فڕێدان لەلایەن بەکاربەرانەوە: فرۆشگاکان، چێشتخانەکان و ماڵەکان نزیکەی پێنجیەکی ئەو خۆراکەی بەردەستە فڕێی دەدەن (نزیکەی 1.05 ملیار تۆن لە ساڵێک، کە هاوتای باری 52.5 ملیۆن بارهەڵگرە). لەم بڕەش ماڵەکان بە 60% لە پلەی یەکەمدان، دواتر چێشتخانە و خزمەتگوزارییەکان بە 28% و مارکێتەکان بە 12% دێن.
زیانی ژینگەیی: نزیکەی 1.4 ملیار هێکتار زەوی (28%ـی تەواوی زەویی کشتوکاڵیی جیهان کە لە رووبەری کەنەدا گەورەترە) بۆ بەرهەمهێنانی ئەو خۆراکانە بەکاردێ کە بەفیڕۆدەچن. هەروەها ئەم خۆراکە فڕێدراوە بەرپرسە لە 8٪ بۆ 10%ـی تەواوی دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان لە جیهاندا بەهۆی دروستبوونی گازی میسان لە زبڵدانەکاندا.
دۆخی برسێتی لە جیهان
ئەم بەفیڕۆدانە زۆرەی خۆراک لە کاتێکدایە کە برسێتی هێشتا وەک ئاستەنگێکی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی ماوەتەوە. بەپێی راپۆرتی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی خۆراک و خۆراک:
لە ساڵی 2025دا نزیکەی 645 ملیۆن کەس (7.8%ـی دانیشتووانی جیهان) رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم رێژەیە بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک دابەزیوە (لە 8.6%ـی ساڵی 2022 و 8.1%ـی ساڵی 2024)، هێشتا 61 ملیۆن کەس زیاترە لە ئاستی پێش کۆرۆنا لە ساڵی 2019.
کیشوەری ئەفریقا: زۆرترین هاووڵاتیی برسێتی لەخۆدەگرێ، کە تێیدا 309 ملیۆن کەس (یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانەکەی) لە ساڵی 2025دا تووشی کەمیی خۆراک بوون، کە نزیکەی نیوەی تەواوی برسییەکانی جیهان پێکدەهێنێت. لە بەرامبەردا لە ئاسیا 292 ملیۆن کەس (6%) و لە ئەمریکای لاتین و کاریبی 32 ملیۆن کەس (4.8%) کەمیی خۆراکیان هەیە.
پێنوێنی جیهانیی برسێتی 2026: ئاستی برسێتی لە هەشت وڵاتدا لە قۆناخی "مەترسیدار" پۆلێن کراوە کە حەوتیان لە ئەفریقان. سۆماڵ لە کۆی 122 وڵات خراپترین ئاستی تۆمارکردووە و کۆنگۆی دیموکرات، چاد و ماداگاسکار بەدوایدا دێن، هاوکات هەریەک لە سوودان، باشووری سوودان، بوروندی و یەمەنیش لەو ئاستە مەترسیدارەدان بەڵام بەهۆی جەنگ و نەبوونی داتاوە نمرەی دیاریکراویان بۆ دانەنراوە.



