رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دەستپێکی گەڕی 52ــی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بەغدا پڕۆژەیەکی بۆ بەستنەوەی تۆڕەکانی وزە، هێڵی ئاسن و گەیاندنی دیجیتاڵی لەنێوان وڵاتانی ئیسلامیدا خستەڕوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەدەست لێکەوتە ئابوورییەکانی ململانێی ناوچەکەوە دەناڵێنێ.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە گوتارەکەیدا بەخێرهاتنی شاندەکانی بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند: "جیهانی ئیسلامی رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە کە پێویستی بە هاوئاهەنگیی زیاترە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گەلان و دابینکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوو".
عەلی زەیدی دەسپێشخەرییەکی عێراقی پێشکێش بە وڵاتانی ئەندام کرد، کە ئامانج لێی دروستکردنی بەستنەوەیەکی گشتگیرە لەنێوان تۆڕەکانی وزە، هێڵی ئاسن و ئامرازەکانی گواستنەوە و گەیاندنی دیجیتاڵی و گوتیشی: "ئامانجمان پەرەپێدانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و پلاتفۆرمە بازرگانییەکان و دروستکردنی تەواوکارییە لەنێوان ناوچە پیشەسازییەکان، تاوەکو بتوانین پێکەوە رووبەڕووی قەیرانەکان ببینەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "هەڵوێستی عێراق بەرامبەر پرسی فەلەستین جێگیرە" و گوتیشی: "دادپەروەری بۆ گەلی فەلەستین بنەمای سەرەکیی ئاسایش و سەقامگیرییە".
هەروەها گوتی: "عێراق هێشتا بەدەست لێکەوتە ئابوورییەکانی ململانێکانی ناوچەکەوە دەناڵێنێت".
زەیدی داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد کە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان بەرامبەر گوتاری رق و کینە هەبێت و هاوکاری ستەملێکراوان بن و گوتی، عێراقییەکان لەم پێناوەدا درێخی ناکەن. هەروەها سوپاسی وڵاتانی نێوەندگیری کرد بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.



