رووداو دیجیتاڵ
داهاتی نانەوتیی عێراق لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 108 ملیار دینار زیادی کردووە.
بەپێی داتای دەستەی گشتیی گومرگی عێراق کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کۆی داهاتی گومرگی لە ئەیلوولی 2025دا 334 ملیار و 196 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە ئەیلوولی 2026دا بۆ 442 ملیار و 266 ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە.
بەپێی گومرگی عێراق، زیادبوونی داهات لەو مانگەدا گەیشتووەتە 108 ملیار و 70 ملیۆن دینار، کە ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی پلانی چاکسازیی دارایی و تووندکردنی چاودێرییە بۆ کۆکردنەوەی شایستە داراییەکانی دەوڵەت بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان.
رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داهاتی ئەم ساڵی گومرگی عێراق گەیشتووەتە 3 تریلیۆن و 200 ملیار دینار، ئەمەش بازدانێکی دارایی گەورەیە."
عێراق خاوەنی 22 دەروازە و بەندەری گومرگیی فەرمییە بە سەرپەرشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکان کە پێکدێن لە 12 دەروازەی وشکانی و پێنج بەندەری گومرگیی دەریایی لە پارێزگای بەسرە، لەگەڵ چوار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کە گومرگی تایبەت بە کەلوپەل و گەشتیارانیان تێدایە.
هەروەها یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بودجەکەی زیاتر لە 90٪ پشت بە داهاتی فرۆشی نەوتی خاو دەبەستێت.



