رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەڵێ، بارهەڵگرێکی عێراقی بە پشتبەستن بە سیستمی گواستنەوەی وشکانیی نێودەوڵەتی (TIR) بارێکی لە تورکیاوە بۆ ئیمارات گواستەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کارە بە هاوئاهەنگیی گومرگی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، رۆژی شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستکەوتێکی تایبەتمان لە بواری کاری گومرگی لە عێراق بەدەستهێنا، ئەوەش بە پێشوازیکردن لە یەکەم باری بازرگانی لە چوارچێوەی سیستمی گواستنەوەی وشکانیی نێودەوڵەتی کە بارهەڵگرێک بوو."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق گوتی: "ئەو بارهەڵگرە لە تورکیاوە بەرەو ئیمارات بە رێگەی وشکانیی عێراقدا تێپەڕی."
سامر قاسم گوتیشی: "ئەمە بە هەوڵ و هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵ و گومرگی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاری لایەنی تورکیا و یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی وشکانی (IRU) بوو."
بەڕێوەبەری گومرگی عێراق دەڵێت: "ئەوەی کرا تەنیا تێپەڕبوونی بارهەڵگرێک نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی کەرتی گواستنەوەی عێراقی لە سیستمی بازرگانیی جیهانیدا".
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی عێراق، ئامانجیان ئەوەیە عێراق ببێتە ناوەندێکی کارا لە جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئەوەش پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتیی وڵات.
سیستمی (TIR) یان (Transports Internationaux Routiers) سیستمێکی جیهانیی گواستنەوەی کاڵایە لەرێگەی وشکانییەوە کە تێیدا بارهەڵگرەکان بە مۆرکراوی و بێ پشکنینی ناوەندی بەو وڵاتانەی پێیدا تێدەپەڕن،م دەگەنە جێگەی مەبەست.



