رووداو دیجیتاڵ
پێکهاتەی کریستیان و سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوەکو ئێستا لەسەر پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی؛ سێ بژارە خراونەتە بەردەم لایەنە کریستیانەکان، لە کاتێکدا ئەوانیش واژۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە کۆکردووەتەوە. پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری رێکنەکەوتندا، سەرۆکوەزیران بەربژێرێکی سەربەخۆ پێشکەشی پەرلەمان بکات.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەمە 15ى تشرینى یەکەمى 2026، پەرلەمانی عێراق دەنگ بە نۆ وەزارەتی کابینەی حکومەت بدات کە بە بەتاڵی ماونەتەوە، یەکێک لەو پۆستانەش بۆ پێکهاتەی کریستیان دانراوە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە.
فراکسیۆنی سۆیانا کە خاوەنی سێ کورسیی کۆتای کریستیانە لە پەرلەمانى عێراق ، ئەو وەزارەتە بە بەرکەوتەی خۆی دەزانێت وەک گەورەترین فراکسیۆن، بەڵام وەزارەتەکە بۆ ئەو فراکسیۆنە یەکلانەبووەتەوە.
سامی ئۆشانە گۆرگیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سۆیانا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا سەرۆکوەزیران داوای بەربژێری لێ نەکردووین بۆ ئەو وەزارەتە و پرسەکە یەکلا نەبووەتەوە".
پێنج کورسیی کۆتای کریستیان لە پەرلەمانی عێراقدا هەن، دووانیان سەر بە فراکسیۆنی بابلیۆنن و سیانەکەی دیکەش سەر بە فراکسیۆنی سۆیانان، کە لە پشکی کەرکووک، هەولێر و دهۆکن.
سامی ئۆشانە گۆرگیس دەڵێت، لەسەر داوای عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر لەگەڵیان کۆبووەتەوە و سێ بژارەى خستووەتە بەردەستیان.
بژارەى یەکەم ئەوە بووە کە هەر فراکسیۆنێکى کریستیان واژۆى پێنج کۆتاى پێکهاتەکان کۆبکاتەوە وەزارەتەکەیان پێ دەدات، بژارەى دووەم ئەوە بووە کە دوو بەربژێرى دوو فراکسیۆنەکە ببرێنە پەرلەمان و بە دەنگدان یەکلا بکرێنەوە، بژارەى سێیەم ئەوەبووە کە سەرۆکوەزیران کەسێکی سەربەخۆ بەربژێر بکات.
بەگوتەی پەرلەمانتارە کریستیانەکە، فراکسیۆنی سۆیانا لەگەڵ کۆتای ئێزدی و فەیلی پێنج واژۆیان کۆکردووەتەوە و رادەستیان کردووە.
فراکسیۆنی بابلیۆن وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن، یەکێک لە دوو سکرتێرەکەى پەرلەمانی عێراقی بەرکەوتووە و دواى وەزارەتەکەش دەکات.
کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو وەزارەتە بە پشک و بەرکەوتی خۆیان دەزانن وەک گەورەترین فراکسیۆنى کریستیانی و ئەگەر پێیان نەدرێت هەڵوێست وەردەگرن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لەو هەنگاوانەی پێشبینی دەکرێت رووبدات ئەوەیە کە عەلی فالح زەیدی بەربژێرێک بە ناوی سەربەخۆ لە کریستیانەکان پێشنیاز بکات بۆ پەرلەمان ئەگەر تاوەکو کاتى دانیشتنەکە رێککەوتن لەبارەیەوە نەکرا .
کلدۆ رەمزی ئەو بیرۆکەیە رەتدەکاتەوە و پێیوایە ئەو بەربژێرە "سەربەخۆ نابێت"، راشیگەیاند، بیرۆکەی دوو بەربژێریشیان رەتکردووەتەوە کە لە پەرلەمان یەکلا بکرێنەوە.




