رووداو دیجیتاڵ
دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، دادگاییکردنی 7 تۆمەتباری فەڕەنسیی پەیوەندیدار بە رێکخراوی داعشی بۆ رۆژی 23ی ئەم مانگە دواخست.
ئەو حەوت تۆمەتبارە لەبەر ئەوەی پێشتر دەرفەتی دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ پارێزەرەکانیان نەبووە، دادگا بڕیاری دا پارێزەریان بۆ تەرخان بکات، بۆئەوەی مافی بەرگریکردنیان بپارێزرێت.
حەوت تۆمەتبارەکەی داعش بە جلە پرتەقاڵییەکانی زیندانەوە برانە نێو هۆڵی دادگای تاوانەکانی کەرخ، لەکاتی دادگاییکردنەکەدا دادوەر لەڕێگەی شاشەیەکەوە دانپێدانانە پێشوەختەکانی تۆمەتبارانی پیشانی ئامادەبووان دا.
ئەم تۆمەتبارانە بەشێکن لە گرووپێکی 47 کەسیی فەرەنسی، کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سوپای سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کرابوون و دواتر رادەستی عێراق کرابوون، هەرچەندە هەموویان رەگەزنامەی فەرەنسییان هەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تەنها دوو کەسیان بە رەچەڵەک فەرەنسین.
یەکێک لە تۆمەتبارەکان پزیشکە و لە نەخۆشخانەکانی رەقە و چەند ناوچەیەکی دیکەی ژێر دەسەڵاتی داعش کاری پزیشکیی کردووە؛ هەروەها هەندێک لە تۆمەتبارەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنسا و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ)ەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان دەرچووە.
لە دانیشتنەکەدا، نوێنەرێکی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا لەگەڵ پارێزەرە تەرخانکراوەکان، لە هۆڵی دادگاییکردن ئامادەبوون. تیمی تۆڕی میدیایی رووداویش لەناو هۆڵی دادگاییکردنەکە بوو.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، دوو لە تۆمەتبارەکان داوایان لە دادوەر کرد رێگەیان پێبدرێت پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن. دادوەر روونی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی زیندان رێگەی پەیوەندیی پێداون، بەڵام کەسوکاریان وەڵامی تەلەفۆنەکانیان نەداوەتەوە. هەندێک لەو تۆمەتبارانەش کە پێشتر توانیویانە پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن، داوایان کرد ماوەی پەیوەندییەکانیان زیاد بکرێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، بڕیارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، ژمارەیەکی دیکە لە تۆمەتبارانی هەمان ئەو گرووپە 47 کەسییە دادگایی بکرێن.


