رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری بەشێک لە نۆ وەزارەتە بەتاڵەکەی کابینەی حکومەتی عێراق یەکلا بووەتەوە و هەندێکی دیکەشیان چاوەڕێی کاژێرەکانی کۆتایین بۆ دەستنیشانکردنیان؛ رووداو ناوی ئەو بەربژێرانە بڵاودەکاتەوە کە بڕیارە لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت، پێشنیازێکیش هەیە کە وەزارەتێکى دیکە زیاد بکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق دەنگ بە بەربژێری نۆ وەزارەتی بەتاڵی کابینەی حکومەت و چوار جێگری سەرۆکوەزیران دەدات.
ئەو بەربژێرانەی دەنگیان لەسەر دەدرێت، بۆ ئەو نۆ وەزارەتەن کە لە دانیشتنی 14ـی ئایاری رابردووی پەرلەمانی عێراقدا یەکلا نەکرانەوە.
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون (باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەردەگرین و محەممەد رەعد موسەوی بەربژێرمان دەبێت، یاسر مالیکی لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ و حەیدەر بەهادلی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی یەکلا بوونەتەوە".
ئەو 9 وەزارەتەی بە بەتاڵی مابوونەوە بریتین لە: خوێندنی باڵا، ناوخۆ، بەرگری، پلاندانان، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، رۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران، لەگەڵ ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
محەممەد فەهداوی، یەکێک لە گوتەبێژەکانی هاوپەیمانیی عەزمی سوننە کە وەزارەتەکانی پلاندانان و رۆشنبیرییان بەردەکەوێت بە رووداوی ڕاگەیاند: "بەپێچەوانەی فراکسیۆنەکانی دیکە کە یەک بەربژێریان پێشکێش کردووە، ئێمە بۆ هەر وەزارەتێک سێ بەربژێرمان پێشکێش کردووە، بەڵام بە تەواوی یەکلا نەبووەتەوە".
لە کۆی ئەو 9 وەزارەتە: پێکهاتەی سوننە سێ وەزارەت، کورد یەک وەزارەت، کریستیان یەک وەزارەت و چوار وەزارەتەکەی دیکەش بەر لایەنەکانی شیعە دەکەون.
رووداو لە دوو سەرچاوەی بەرپرسی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوی یەکلابووەوەی بەربژێری هەندێک لە وەزارەتەکانی دەستکەوتووە، ئەوەش بەگوێرەی دوایین پێشهات کە تاوەکو شەوی 14ـی تشرینی یەکەم هەبووە:
سەفا کینانی، بۆ پۆستی وەزارەتی وەرزش و لاوان (پشکی رەوتی حیکمە)، محەممەد رەعد موسەوی، بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی (پشکی سادیقوون)، یاسر مالیکی، بۆ وەزارەتی ناوخۆ (پشکی دەوڵەتی یاسا)، حەیدەر بەهادلی، بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (پشکی دەوڵەتى یاسا)، محەممەد نەعیمی، بۆ وەزارەتی پلاندانان (پشکی هاوپەیمانیی عەزم)، بۆ وەزارەتی بەرگری دوو بەربژێر هەن کە لە پشکی هاوپەیمانیی حەسمی سوننەکانن، ئەوانیش: (نایف شەممەری و عەلی ئەعرەجی)، بۆ وەزارەتی رۆشنبیری کە پشکی هاوپەیمانیی عەزمە، دوو بەربژێر هەن کە یەکێکیان پۆستەکە وەردەگرن، کە بریتین لە: (زەید عەلی و یاسین عیساوی)، رێباز حەملان، بەربژێرى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەسەر پشکى پارتى دیموکراتى کوردستان.
حوسێن شەیحانی رایگەیاند، یەکێک لە پێشنیازەکانی دیکە ئەوەیە وەزارەتێک زیاد بکرێت بۆ ژیریی دەستکرد و ئابووریی ئەلیکترۆنی.
رووداو زانیویەتی ئەگەر ئەو وەزارەتە زیاد بکرێت، محەممەد ساحب دەڕاجی زۆرترین چانسی هەیە کە ئەو وەزارەتە لەسەر پشکی شیعە وەربگرێت.
تاوەکو ئامادە کردنى ئەم راپۆرتە بەربژێرى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران یەکلا نەبووەتەوە بەهۆى ناکۆکى کریستیانەکان لەسەر ئەو پۆستە.
جگە لە وەزارەتە بەتاڵەکان، دوو جێگری سەرۆکوەزیران بۆ شیعە دادەنرێت و هەریەک لە کورد و سوننەش جێگرێکی دیکە وەردەگرن، کە بۆ کاروباری جیاواز دەبن.




