رووداو دیجیتاڵ دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لینکێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەرژمێریی رەوەندی عێراقی لە دەرەوەی وڵات کارا کردووە؛ ئامانج لێی دروستکردنی بانکێکی زانیاریی وردە بۆ ئەوەی حکومەت لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکاندا سوودی لێ ببینێ. دەستەی ئامار و سیستمە زانیارییە جوگرافییەکان لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ گۆڕانکاریی دیجیتاڵ و کۆکردنەوەی داتای ورد لەسەر هاووڵاتییانی دەرەوە". عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە (https://idc.ihsa.gov.iq/) زانیارییەکانیان تۆمار بکەن. وەزارەتی پلاندانانی عێراق داوا لە هەموو خێزان و کەسایەتییەکان و رێکخراوە عێراقییەکان لە دەرەوە دەکات کە بەشدارییەکی چالاک بکەن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە "نیشتمانییە." دەستەی ئاماری عێراق دەڵێت: "تەواوی زانیارییەکان بەپێی یاسا بە نهێنی دەمێننەوە و پارێزگارییان لێ دەکرێت و ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و پسپۆڕ و لێهاتووەکانی نێو رەوەندی عێراقی لە هەندەران". حکومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییانەوە، ژمارەی هاووڵاتییانی نیشتەجێی دەرەوەش دیاری بکات تاوەکو لە پلانە ستراتیژییەکانی داهاتوودا، بەتایبەت لە بوارەکانی وەبەرهێنان و سوودوەرگرتن لە شارەزاییەکان، رەچاویان بکات.