رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرێک لە ماڵێکدا لە باکووری شاری بەغدا، پێنج ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا کە منداڵیان تێدایە، کچێکیش بە برینداری رزگار کرا.
ئاگرەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (3ی تشرینی دووەمی 2026)، لە ماڵێکدا لە ناوچەی عتێفییە لە کازمییەی شاری بەغدا کەوتەوە.
نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێنج تەرم کە ئەندامی یەک خێزانن، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەرهێنراون، کە لەنێویاندا منداڵ هەیە.
نەواس سەباح ئاماژەی بەوەکرد، کچێکیش بە برینداری کە دۆخی ناجێگیرە رزگار کراوە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەتنەوەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق باسی لەوەکرد، تیمەکانی بەڵگەی تاوان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردەوە و دواتر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە روون دەبێتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە و بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:
- وریا بن لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکردنەوە (کارەبایی، نەوتی و گازی).
- دڵنیاببنەوە لە سەلامەتی و دروستیی وایەر و پلاکە کارەباییەکان.
- پێش خەوتن سەرجەم سۆپا و ئامێرەکانی گەرمکردنەوە بکوژێننەوە و هەواگۆڕکێی گونجاو لەناو ماڵەکاندا فەراهەم بکەن؛ ئەوەش بۆ رێگریکردن لە خنکان بە گازە ژەهراوییەکان.
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی عێراق، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە پار، رێژەی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق 85% کەمیکردووە. لە ساڵی 2025دا نزیکەی پێنج هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون، لە ساڵی 2023دا ژمارەکە گەیشتبووە زیاتر لە 32 هەزار رووداو.


