رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی بیمەی تەندروستیی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 150 هەزار کەس لە پڕۆژەی بیمەی تەندروستیدا تۆمار کراون و کارتی ئەلیکترۆنی بۆ 900 هەزار کەسیان دەرکراوە. هاوکات لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوە دەکات، لەنێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
1.1 ملیۆن کەس تۆمارکراون
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی ئەحمەد عوبێد، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی بیمە (دەستەبەر)ی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 1 ملیۆن و 150 هەزار کەس لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە لە سیستمی بیمەی تەندروستیدا ناویان تۆمار کراوە و بۆ 900 هەزار کەسیشیان کارتی بیمە دەرکراوە."
لە نەینەوا و کەرکووکیش دەستپێدەکات
سەبارەت بە قۆناخەکانی فراوانبوونی پرۆسەکە لە پارێزگاکانی عێراق، عەلی ئەحمەد عوبێد گوتی: "پڕۆژەکە سەرەتا لە بەغدا دەستیپێکرد و مانگی رابردووش لە پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف و بەسرە کارا کرا. بڕیاریشە مانگی داهاتوو لە هەریەکە لە نەینەوا، ئەنبار و زیقار، هەروەها لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵیشدا لە کەرکووک، بابل و مەیسان دەستپێبکات."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سندووقەکە، ئامانجی قۆناخی یەکەمیان ئەوەیە سەرەتا 10٪ـی دانیشتووانی هەموو پارێزگاکان بخرێنە نێو ئەم دەستەبەرە تەندروستییەوە و دواتر لە قۆناخەکانی دیکەدا ڕێژەکە بەرز دەکرێتەوە.
بیمەی تەندروستی و هەرێمی کوردستان
لەبارەی ئەگەری جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان، عەلی ئەحمەد عوبێد ئاماژەی بەوە کرد کە "لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان وەزیری تەندروستیی عێراق و وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەو بارەیەوە کراوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سندووقی دەستبەری تەندروستیدایە."
سەبارەت بە سەرچاوەی دابینکردنی دارایی سندووقەکەش، بەڕێوەبەری گشتی روونی کردەوە، پارەکە لە ڕێگەی لێبڕینی 1٪ـی مووچەی گشتیی فەرمانبەران دابین دەکرێت لەگەڵ بەشە پارەیەک کە پێویست بوو لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دابین بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی دوو ساڵە خەرج نەکراوە. جەختیشی کردەوە ئەو فەرمانبەرانەی بەشداری لە بیمەکەدا دەکەن، ئەندامانی خێزانەکانیشیان دەگرێتەوە.
لە کەرکووک حەشدی شەعبی دەستیپێکردووە
پەیوەست بە ئامادەکارییەکان لە پارێزگای نەینەوا، ئەحمەد دووبەردانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا تیشکی خستە سەر گرنگیی پڕۆژەکە و بە رووداوی گوت: "لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەینەوا هۆبەیەکی تایبەت بە بیمەی تەندروستی کراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە بە فەرمی لە سنووری پارێزگاکە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
لەلایەکی دیکەوە لە پارێزگای کەرکووک، دەستەی حەشدی شەعبی دەستی بە ئامادەکاری کردووە و هۆبەی شەهیدان و قوربانییان لە نووسینگەی کەرکووکی دەستەکە لایەنگرانی خۆی ئاگادار کردووەتەوە کە پڕۆژەکە لەم قۆناخەدا تەنیا کەسوکاری شەهیدان، برینداران و خانەنشینانی حەشدی شەعبی دەگرێتەوە و مانگانە راستەوخۆ 1٪ لە مووچەکانیان دەبڕدرێت بۆ خزمەتگوزارییەکانی بیمەی تەندروستی.
ساڵانە بەشداربووانی تەمەن خوار 40 ساڵ مافی شەش سەردانیان هەیە و نەشتەرگەرییەک لەگەڵ خێزانەکانیان بەخۆڕایی بۆ هەر یەکێکیانە. هەروەها بۆ ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 40 ساڵە، هەمان مافیان هەیە لەگەڵ 8 سەردان.
ئەو کەسانەی لە چاودێریی کۆمەڵایەتی ناونووسکراون، تەنیا 5%ـی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەدەن.
ئەوانەشی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، وەک شەکرە و پەستانی خوێن، بۆیان هەیە 12 رەچەتەیان هەبێت و شەش جار سەردانی پزیشک بکەن، ساڵانە بۆ ئەوانەی خوار 40 ساڵ و بۆ ئەوانەشی لە سەروو 40 ساڵەوەن، مافی 12 رەچەتە و 8 سەردانی پزیشکیان دەبێت لە ساڵێکدا، بێ بەرامبەر.
پەرلەمانی عێراق، لە تشرینی یەکەمی 2020 پڕۆژەیاسای بیمە (دەستەبەر)ی تەندروستیی ژمارە 22ـی ساڵی 2020ـی پەسندکرد کە لە 12 بەش و 44 مادە پێکهاتووە.
پڕۆژەیاساکە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی تێدایە؛ شەش مانگ دوای پەسندکردنی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە. لە شوباتی 2021ـیشدا سەرۆککۆمار پەسندی کردووە.
دیارترین خاڵەکانی جێبەجێکردنی یاسای بیمەی تەندروستی بریتییە لە دەستکردن بە تۆماری ئەلیکترۆنی و بەئەلیکترۆنیکردنی رێکارە حکومییەکان بۆ کارئاسانیی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دڵنیایی دۆسییەی پزیشکان.
دروستکردنی تیم
لەو چوارچێوەیەدا تیم دروستکراوە بۆ دابەشکردنی دەفتەری دەستەبەریی لەنێو فەرمانگەکانی دەوڵەت و خێزانەکان، ئەوەش بەگوێرەی یاسا.
لە بەغدا لە 48 وەزارەت و دامەزراوەی جیاجیای دەستەبەری دەستیپێکردووە. تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، خانەنشین و هاووڵاتییانیش دەگرێتەوە.
لە کەرتی تایبەت 25٪ی تێچووی نەشتەرگەریی زیاتر نادرێت
بە گوتەی دکتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری پێشووی تەندروستیی عێراق، تێچووی نەشتەرگەییەک لە کەرتی تایبەت 5 ملیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی بەشداریکردن کە بیمەی تەندروستی و دەستەی دڵنیایی هاووڵاتیان لە 25٪ تێچووی نەشتەرگەرییە زیاتر نادات. حکومەت لە رێگەی سندووقی دڵنیاییەوە تێچووی 75٪ـی دیکەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەدات، ئەوەش یەکەم جارە لە عێراق دەکرێت.
1٪ مووچەی مانگانە
فەرمانبەر بە 1٪ مووچەی مانگانەکەی لەو بیمەیە بەشدار دەبێت، لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی (خوار تەمەن 18 ساڵ)، هەروەها ئەوانەشی فەرمانبەر نین، دوو منداڵیان دەستەبەرەکە دەیانگرێتەوە.
بەگوێرەی یاساکە، رێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ سێ قۆناخ دابەشبووە، قۆناخی پابەندبوون هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت دەگرێتەوە، بۆ خانەنشینان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە ناچاری نییە، ئەوەی دەستبەری بۆ دەکرێت کارتێکی پێ دەدرێت، دوای شەش مانگ لە ناوتۆمارکردن، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی پێشکێش دەکرێت.
مانگانە کەسی بەشداربوو 10-50 هەزار دەدات ئەوەش بەگوێرەی پلەی وەزیفییە، پارەکەش زیاتر نییە لە 1٪ـی کۆی مووچەی فەرمانبەرەکە.
کێن ئەوانەی دەبەخشرێن؟
ئەوانەشی لە پێدانی پارەی مانگانە دەبەخشرێن، بریتین لەوانەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، تووشبووانی شێرپەنجە، تووشبووانی نەخۆشی دەروونی، ئەوانەی گورچیلەکانیان لەکارکەوتووە و سستە، کەسانی کەمئەندام، پەککەوتووانی هێزە ئەمنییەکان، خانەنشینان ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 60 ساڵە، ئەو ژنانەی فەرمانبەر نین و خانشینانی ژن کە تەمەنیان سەرووی 50 ساڵە لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان.



