رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتهەڵگرەکانی عێراق دەڵێت، بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا، پرۆسەی گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی لەڕێگەی نەوتهەڵگرێکی گەورەوە دەرەوەی تەنگەی هورمز ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ شەممە، عەلی قەیس، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتهەڵگرەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتەکەی راگەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزیری نەوت، بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین دەیە، ئەرکی گواستنەوەی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو و پەڕینەوە پێی بەرەو دەرەوەی تەنگەی هورمز بە کۆمپانیاکەمان سپێردرا."
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکە لە میکانیزمی فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی عێراق، بە شێوەیەک کە لە سیستمی رادەستکردن لە بەندەرەکانی بەسرەوە دەگۆڕێت بۆ گواستنەوە و فرۆشتنی لە دەرەوەی تەنگەی هورمز."
عەلی قەیس روونیکردەوە کە دوای چەندین گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕە نێودەوڵەتییەکان، بۆ یەکەمجار توانیویانە نەوتهەڵگرێکی گەورە لە جۆری (VLCC) دابین بکەن، کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی تێدا بارکراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی تەنگەی هورمز.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، ئەم رێکارە "دەرفەتێکی زێڕین" بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەرەخسێنێت، تاوەکو سوود لە هەلی بازاڕ و نرخی باشتر بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو وەربگرێت.
سەبارەت بە بەهێزکردنی ژێرخانی کەشتیگەلی عێراق، عەلی قەیس گوتی: "رێنمایی بەردەوام هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرفەتی گونجاو لە زووترین کاتدا، تاوەکو عێراق بتوانێت نەوتهەڵگری تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو بکڕێت و ببێتە خاوەنیان."
دەشڵێت، ئامانج لەم هەنگاوە، پەرەپێدانی تواناکانی کۆمپانیای نەوتهەڵگری عێراقییە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاستی ناوچەکەدا کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری گواستنەوەی وزەدا بکات.

