رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەیەوە گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، بە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، عێراق سەروەریی خۆی بەدەستهێناوە و "دەوڵەت خاوەنی بڕیاری خۆیەتی، پارێزگاری لە خاک و ئاسمانی خۆی دەکات و چەک تێیدا لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە."
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا بەبۆنەی یادی 94 ساڵەی سەربەخۆیی عێراق و وەرگیرانی وەک ئەندام لە کۆمەڵەی نەتەوەکان (رۆژی نیشتمانیی عێراق)، ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بە یەکڕیزیی رۆڵەکانی لە قۆناخی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکانەوە دەپەڕێتەوە بۆ قۆناخی بنیاتنانی داهاتوو.
عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق کرد و گوتی: "لە 30ـی ئەیلوولی 2026، دەوڵەتی عێراق سەروەریی خۆی بە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تەواو کرد، هاوکات سەرەڕای ئاڵنگارییە سەختەکان، عێراق بەردەوامە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو دەگرێت و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش دادەمەزرێنێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش کرد و روونیکردەوە کە لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا بەرپرسیارێتییان لەئەستۆ گرتووە، بەڵام توانیویانە ئاسایش، سەروەری و بڕیاری سەربەخۆی عێراق لە لێکەوتەکانی ململانێکانی ناوچەکە بپارێزن.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر بەرنامە ئابوورییەکانی حکومەتەکەی و رایگەیاند، کار دەکەن بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار. راشیگەیاند کە شێوازی دارایی دەوڵەت دەگۆڕن بۆ "بودجەی بەرنامە و ئەنجام" تاوەکو خەرجییەکانی حکومەت راستەوخۆ بەستراوە بن بە ئەنجام و بەرهەمەوە.
عەلی فالح زەیدی بەڵێنیدا کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ناوەندی بازرگانی، وزە و پردی بەستنەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا. هەروەها جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون، دامەزراندنی "سندووقی نەوەکان" بۆ مسۆگەرکردنی داهاتووی دارایی نەوەکانی داهاتوو و دروستکردنی شارە ئابوورییەکان و بەردەوامیدان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای پاراستنی یەکڕیزیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتەکەی کرد و دووپاتیکردەوە: "گەورەترین شتێک ئەمڕۆ پێویستمان پێی بێت، پاراستنی یەکڕیزیمانە لە نیشتمانێکدا کە جێگەی هەمووانی تێدا دەبێتەوە، پەیمانتان پێدەدەین کە بەرژەوەندیی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، هاووڵاتی چەقی بایەخمان بێت و ئامانجمان بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر بێت."

