رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف دەڵێت، سبەی یەکشەممە گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەستپێدەکەنەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت حکومەتی عێراق لەگەڵ واشنتن گەیشتە رێککەوتن بۆ هەڵاوێرکردن لە سزاکانی ئەمریکا بە مەبەستی ئەنجامدانی 40 گەشتی رۆژانەی کۆمپانیا ئێرانییەکان، جگە لە هێڵی ئاسمانیی ماهان.
ئەمڕۆ شەممە، ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "سبەی یەکشەممە، دوای چەندین رۆژ لە راگیرانیان، ژمارەیەک لە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکەنەوە و لە قۆناخی یەکەمدا سێ گەشتی ئێواران ئەنجام دەدرێن."
ئیدارەی فڕۆکەخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا و بەپێی خشتەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، ژمارەی گەشتەکان لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی پلەبەندی و بەرچاو زیاد بکات.
مستەفا کوبە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نەجەف بە رووداوی گوت، "ئێستا بڕیارەکە کۆمپانیا ئێرانییەکان دەگرێتەوە و دوێنێ تەنیا بڕیار لەسەر کۆمپانیا ئێرانییەکان گەیشتە دەستمان کە دەتوانن دەست بە گەشت بکەنەوە."
سەبارەت بە کۆمپانیا عێراقییەکانیش ئاماژەی بەوە کرد، بابەتەکە پەیوەستە بە لایەنی عێراقییەوە، بۆ بڕیاردان لەسەر وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان.
بەپێی خشتەی فەرمیی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نەجەف بۆ سبەی یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026 کە دەست رووداو کەوتووە، سێ گەشتەکەی ئێران بەمشێوەیە دەبن:
- گەشتی هێڵی ئاسمانیی (سپێهران) لە شاری مەشهەدەوە کاژێر 8:50ی شەو دەگاتە نەجەف.
- گەشتی هێڵی ئاسمانیی (میراج) لە تارانەوە کاژێر 9:00ی شەو دەگاتە نەجەف.
- گەشتێکی دیکەی هێڵی ئاسمانیی (سپێهران) لە تارانەوە کاژێر 12:50ی بەرەبەیان دەگاتە نەجەف.
دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دوای راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هات، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە بە هەوڵ و بەدواداچوونی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێککەوتن کراوە بۆ رێگەدان بە ئەنجامدانی 40 گەشتی ئاسمانیی رۆژانە بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف، بەبێ بەشداریکردنی کۆمپانیای (ماهان ئێیر).
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستخۆشی لە "وەڵامدانەوەی ئەرێنیی حکومەتی ئەمریکا بەرامبەر هەوڵەکانی بەغدا و هاوکاریی واشنتن لە پێدانی هەڵاوێردی پێویست" کرد، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گەشتیاران، چارەسەری نەخۆشان، گەشتیاریی ئایینی و کاروباری خوێندکاران.

