رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لەگەڵ وەزیری وزەی ئەو وڵاتە تاوتوێی رەشنووسی رێککەوتننامەی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، پرسی زیادکردنی توانای هەناردەکردن تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانیان بووە.
ئەمڕۆ شەممە، 3ی تشرینی یەکەمی 2026، باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە میانی سەردانەکەم بۆ تورکیا لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا کۆبووینەوە بۆ بەردەوامیدان بە ئامادەکردنی رەشنووسی رێککەوتنی عێراق و تورکیا بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، هەروەها گفتوگۆمان لەبارەی بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لە پڕۆژەکانی نەوت و گازی عێراق کرد."
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کرد کە بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لە پڕۆژەکانی عێراق، بایەخێکی تایبەتی بۆ هەردوو وڵات و بەتایبەتی بۆ حکومەتی عێراق هەیە، تاوەکو بتوانرێت لەو رێگەیەوە کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەتواناکان بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنانی باشتر لە کەرتی نەوت و گازدا رابکێشرێن.
باسم محەممەد خوزەیر دەڵێت: "تاوتوێی زیادکردنی توانای هەناردەکردنمان لە رێگەی جەیهانەوە کرد. جگە لەوەش دوو لێژنەی تەکنیکیی هاوبەش پێکهێنران، لێژنەی یەکەم تایبەتە بە وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان و لێژنەی دووەمیش بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی ژێرخانی دامەزراوە نەوتییەکان تەرخانکراوە."
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان، لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە بە بڕیارێکی دادگەی پاریس راگیرا و لە ئەیلوولی 2025دا هەناردەکردن دەستی پێکردەوە.


