رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 80 پارچە شوێنەوار و کاری هونەریی عێراقی رادەستی بەغدا کردەوە، کە لە ساڵانی رابردوودا بە نایاسایی و بە قاچاخ برابوونە دەرەوەی وڵاتەکە.
موڕاد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامە یاساییەکانمان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 80 پارچە شوێنەوار و شاکاری هونەریی دزراوی عێراقی بۆ بەغدا گەڕاندەوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد روونیکردەوە کە ئەم هەنگاوە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی داواکانی دەرەوە و بەشی گەڕاندنەوەی شوێنەوارەکان کراوە، کە بەردەوام چاودێریی ئەو دۆسیانە دەکەن کە لە دادگەکانی دەرەوەی عێراق لەسەر شوێنەوارە بەتاڵانبراوەکان تۆمار کراون.
ساعدی ئاماژەی بەوەش کرد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن، رێکاری یاسایی تووند دەگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو کەلوپەل و پارچە مێژووییانەی کە بەهۆی هەڵکۆڵینی هەڕەمەکییەوە دۆزراونەتەوە، یاخود بە قاچاخ براون و لە بازاڕە جیهانییەکاندا مامەڵەیان پێوە دەکرێت.



