رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە وەڵامی رووداودا زانیاری لەبارەی دۆسیەی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی داعش کە لە سووریاوە گوێزراونەتەوە بۆ عێراق ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی فەرمی بۆ دەستپێکردنی یەکەمین دادگاییکردنیان دیاری نەکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان لە کەنیزەککردنی کچانی کوردی ئێزدییدا هەبووە، بە تۆمەتی "کۆمەڵکووژی و تاوانی دژەمرۆڤایەتی" دادگایی دەکرێن و رزگاربووانیش گوتەی خۆیان داوە.
رۆژی دووشەممە، 28ی ئەیلوولی 2026، عەلی حوسێن جەفات، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قۆناخی لێپرسینەوە و وەرگرتنی گوتەی تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە تەواو بووە. قۆناخی یەکەمی رێکارە لێکۆڵینەوەییەکانە. دادگەی لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ کە تایبەتمەندە بە دۆسیەکانی تیرۆر، بەردەوامە لە کۆکردنەوە، پشکنین و شیکردنەوەی بەڵگەکان و بەستنەوەیان بە دۆسیەی هەر تۆمەتبارێک بە جیا، وەک ئامادەکارییەک بۆ رەوانەکردنی دۆسیە تەواوبووەکان بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ بۆ دادگە تایبەتمەندەکان بەپێی حوکمەکانی یاسا."
سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی فەرمی بۆ دەستپێکردنی دادگاییکردنی هیچ تۆمەتبارێک لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا دیاری نەکراوە. دیاریکردنی وادەی دانیشتنەکانیش تەنیا لە دەسەڵاتی دادگەی تایبەتمەندە، ئەوەش دوای تەواوبوونی سەرجەم پێویستییە یاسایی و لێکۆڵینەوەیییەکان لە هەر دۆسیەیەک."
سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوە بیانییەکان، عەلی حوسێن دەڵێ: "رێکارە دادوەرییەکان لە بەرامبەر سەرجەم تۆمەتباراندا دەگیرێنەبەر، بەبێ رەچاوکردنی وڵاتینامەیان و بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق، چونکە هەر تۆمەتبارێک بە جیا لێپرسینەوەی لەسەر ئەو کردەوە و تاوانانە لەگەڵ دەکرێ کە دراونەتە پاڵی و لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەیدا بەدەست هاتوون، بەرپرسیارێتیی تاوانکاری ناکەوێتە سەر وڵاتینامە یان ئینتیما، بەڵکو تەنیا بەندە بەو کردەوانەی دراونەتە پاڵ هەر تۆمەتبارێک و ئاستی سەلماندنیان بە بەڵگە لە دۆسیەکەیدا."
دۆسیەی کەنیزەککردنی کوردانی ئێزدی؛ "تاوانی جینۆساید و دژەمرۆڤایەتییە"
سەبارەت بەو تۆمەتبارانەی دەستیان لە رفاندن، کەنیزەککردن و فرۆشتنی ژنان و کچانی کوردی ئێزدییدا هەبووە، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی روونی دەکاتەوە: "دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم ئەرکی کۆکردنەوەی بەڵگەکان و وردبینیکردنیان و بەستنەوەیان بە دۆسیەی هەر تۆمەتبارێک بە جیا دەگرێتە ئەستۆ، لەنێویاندا گوتەی رزگاربووان و شایەتحاڵەکان، لە کاتێکدا دەسەڵاتی دیاریکردنی وەسفی یاسایی بۆ کردەوە و هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان دەگەڕێتەوە بۆ دادگەی تایبەتمەند."
هەروەها گوتیشی، "تۆمەتباران لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر رۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزدی ئەنجامیان داوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. هەر یەکەیان بەپێی رۆڵی خۆی و بەپێی ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەیدا هەن، ئەمەش بەپێی حوکمەکانی یاسای دژەتیرۆری ژمارە 13ـی ساڵی 2005 و هەروەها پشتبەست بە دەقی مادەی 7 لە یاسای رزگاربووانی ئێزدیی ژمارە 8ـی ساڵی 2021 کە ئەو تاوانانەی لەلایەن چەکدارانی داعشی تیرۆریستی بەرامبەر بە ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامدراون، بە تاوانی کۆمەڵکوژی (جینۆساید) و تاوانی دژەمرۆڤایەتی هەژمار دەکات."
سەبارەت بە بەشداریکردنی قوربانییان لە دانیشتنەکاندا، بەرپرسەکەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئاشکرای کرد: "رزگاربووان گوتەی خۆیان لە دادگە تایبەتمەندەکاندا داوە، چ لەڕێگەی ئامادەبوونی راستەوخۆ یان لەڕێگەی تەکنەلۆژیای پەیوەندیی بینراوەوە (ڤیدیۆ کۆنفرانس)، ئەوەش بەپێی دۆخی هەر رزگاربوویەک و بە بڕیاری دادگەی تایبەتمەند."
ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم رێکارانە لەسەر بنەمای رێبەری تایبەتی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رزگاربووانی دەستی تیرۆر، بەجۆرێک "رەچاوی ویستی ئازادانەی رزگاربوو، رەزامەندیی پێشوەختە، سەلامەتی، تایبەتمەندی و باری دەروونی دەکرێ، لەگەڵ پاراستنی ناسنامەکەی لە ئاشکرابوون و رێگریکردن لە رووبەڕووبوونەوەی هەر زیان یان گوشارێک."
سەبارەت بە رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوە بیانییەکان، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی گوتی: "دۆسیەی هەر تۆمەتبارێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەکەوێتە ژێر وردبینییەوە، لەسەر بنەمای ئەو بەڵگە و زانیارییانەی لەسەری بەردەستن. دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتەکەی، رێکاری یاسایی گونجاو دەگیرێتەبەر. رادەستکردنەوە بە هیچ جۆرێک لەسەر بنەمای وڵاتینامە یان بە شێوەی بەکۆمەڵ ئەنجام نادرێ، بەڵکو بۆ هەر کەیسێک بە تەنیا و بەپێی حوکمەکانی یاسا بڕیاری لێدەدرێ."
لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکان کە بڕیارە لەڕێگەی هۆڵە تەلەفزیۆنییە داخراوەکان و پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بێت لەنێو زیندانەکاندا، بەرپرسەکەی دەسەڵاتی دادوەری باسی لەوە کرد: "بەکارهێنانی هۆڵە تەلەفزیۆنییە داخراوەکان یان تەکنەلۆژیای پەیوەندیی بینراو (ڤیدیۆ کۆنفرانس)، دەستکاری لەو گەرەنتییە یاسایییانە ناکات کە بۆ تۆمەتبار دیاریکراون، مافی بەرگریکردن، بەکارهێنانی پارێزەر، ئاگاداربوون لە رێکارەکان، بەدواداچوونی روونی دانیشتنەکان، بیستنی ئەوەی دەخرێتەڕوو، پەیوەندیکردن لەگەڵ پارێزەرەکەی، خستنەڕووی داواکاری و تانەکانی، و تاوتوێکردنی بەڵگەکان بەپێی حوکمەکانی یاسا بە تەواوی بۆ تۆمەتبار مسۆگەر کراوە."
لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی داعشی لە سووریاوە بۆ نێو خاکی عێراق دەستپێکرد کە ژمارەیان 5,704 تۆمەتبار بوو.


