رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رێکارەکانی کارکردنی نوێی بۆ گواستنەوەی پارە بە مەبەستی هاوردەکردنی کاڵا راگەیاند، کە تێیدا رێکاری "راگەیاندنی پێشوەختە" و "وەرگرتنی پێشوەختەی باج" جێبەجێ دەکرێ.
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، رۆژی یەکشەممە (27ی ئەیلوولی 2026) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەم رێکارانە پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (413)ی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ دەکرێن" و بەم شێوەیە دەبن:
یەکەم: هاوردەکردن لەرێگەی گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوە
ئەو کەسانەی دەیانەوێ پارە بۆ دەرەوەی عێراق بنێرن تاوەکو کاڵا هاوردە بکەن، دەبێت پێش ناردنی پارەکە، لەرێگەی سیستمی (ئەسیکۆدا)وە "راگەیاندنی پێشوەختە" بکەن و باجی گومرگی و سپاردەی باج بدەن.
بانکەکان بەرپرسیارن لە دڵنیابوونەوە لە تەواوکردنی ئەم رێکارانە و تۆمارکردنی ژمارەی راگەیاندنی پێشوەختە لەنێو داتاکانی حەواڵەکەدا، هەروەها بەراوردکردنی زانیارییەکان و بەدواداچوون بۆ پرۆسەی هاوردەکردن.
ئەمەش ئەو حەواڵانە دەگرێتەوە کە لە باڵانسی بانکەکان یان ئەو باڵانسانەی لە رێگەی بانکی ناوەندیی عێراقەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئەنجام دەدرێن.
دووەم: هاوردەکردن بێ ناردنی پارە بۆ دەرەوە
بۆ ئەو کاڵایانەی بێ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوە هاوردە دەکرێن، دەستەی گشتیی گومرگ راگەیاندنێکی پێشوەختەیان بۆ ئامادە دەکات و دەبێت هاوردەکار سەرچاوەی پارەکەی دیاری بکات.
ئەم رێکارە لە رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2026ەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
سێیەم: لە کاتی تەواونەبوونی هاوردەکردن یان رەتکردنەوەی گواستنەوەی پارە
ئەگەر پارەکە گوێزرایەوە، بەڵام کاڵاکە بە تەواوی یان بەشێکی هاوردە نەکرا، یان گواستنەوەی پارەکە رەتکرایەوە، باجە وەرگیراوەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. پارە وەرگیراوەکە ناگەڕێندرێتەوە، مەگەر دوای ئەوەی بانکەکە ئەو پارەیەی بۆ دەرەوە نێردرابوو، لە لایەن هەمان بانکەوە دەگەڕێندرێتەوە.
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەڵێ: "بانکەکان بەرپرسیارن لە وردبینیی زانیارییەکانی گواستنەوەی پارە و بەستنەوەیان بە راگەیاندنی پێشوەختە و بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە".
حکومەتی عێراق لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا و وەرگرتنی پێشوەختەی باج، دەیەوێ دڵنیابێتەوە کە هەر دۆلارێک بۆ دەرەوە دەڕوات، کاڵایەکی لە بەرامبەردا دێتە ژوورەوە و مافە داراییەکانی دەوڵەتیش پارێزراو دەبن.


