رووداو دیجیتاڵ
دوای 16 ساڵ لە وەستانی دانوستاندنەکان، عێراق لە تەممووزی 2024ـەوە لە جنێڤ دۆسیەی ئەندامێتیی لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بە فەرمی جووڵاندووەتەوە. گرووپی کاری رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بۆ عێراق لە کانوونی یەکەمی 2004دا دامەزرا، بەڵام کۆبوونەوەکان لە ساڵانی 2007 و 2008دا پەکیان کەوت و پرۆسەکە راوەستا.
لە کاتی بەڕێوەچوونی سێیەمین کۆبوونەوەی تیمی کاری تایبەت بە عێراق لە تەممووزی 2024، ئەسیر داوود سەلمان غەریری، وەزیری پێشووی بازرگانیی عێراق، پابەندبوونی تەواوی سیاسیی بەغدای بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوەکە دووپاتکردەوە و بەڵگەنامە بنەڕەتییەکانی تایبەت بە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش کرد، کە دواتر ئەندامانی رێکخراوەکە دەستیانکردەوە بە پێداچوونەوەی ورد بۆ چوارچێوەی بازرگانیی عێراق و داوای زانیاریی زیاتر و چاکسازییان کرد.
لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتی بەشی ئینتەیکی رووداودا، بەرپرسێکی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بە رووداوی راگەیاند، ئەندامانی رێکخراوەکە بەردەوامن لە هەڵسەنگاندن و وردبینیکردنی سیستەمی بازرگانیی عێراق؛ لەوانە سیاسەتە گشتییەکان، یاسا و رێساکانەوە تاوەکو رێژەی گومرگ و چوارچێوەی دامەزراوەیی و خزمەتگوزارییەکان. پێشهاتێک کە لە کۆتاییدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەواوی سێکتەرەکان هەبێت؛ لە گومرک و بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە تاوەکو وەبەرهێنانی بیانی، کشتوکاڵ و کێبڕکێ لەگەڵ کەلوپەلی هاوردەکراودا.
بە گوێرەی وەڵامی ئەو بەرپرسەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بۆ رووداو، بەغدا لە هەمان کاتدا کار لەسەر چاکسازیی یاسایی دەکات بۆ ئەوەی یاساکانی خۆی لەگەڵ رێککەوتننامەکانی بگونجێنێت. لە وەڵامەکەدا ئەوە هاتووە، ''پرۆسەکە لەسەر دوو هێڵی هاوتەریب بەڕێوەدەچێت: هێڵی فرەلایەن لەڕێگەی تیمی کارەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە سیستەمی بازرگانی و هێڵی دوولایەنە لە ڕێگەی دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لەسەر کرانەوەی بازاڕەکان''. بە جۆرێک پێویستە عێراق ئەندامانی رێکخراوەکە لەبارەی گشتگیریی چوارچێوەی بازرگانیی خۆی رازی بکات، هاوکات دانوستاندنی دووقۆڵیش بۆ پابەندبوونەکانی پەیوەست بە دەستگەیشتن بە بازاڕ بۆ کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ تاک تاکی ئەنداماندا بکات.
تەواوکردنی بەڵگەنامەکان؛ مەرجی بەڕێوەچوونی چوارەمین کۆبوونەوە
نوێترین هەنگاوی بەغدا لە 13 تاوەکو 16ی تەممووزی 2026بوو، کاتێک شاندێکی تەکنیکیی عێراق بە بەشداریی پسپۆڕانی ناوەندی نێودەوڵەتیی بازرگانی و سکرتارییەتی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، ئەرکێکی تەکنیکییان لە جنێڤ ئەنجامدا بەمەبەستی پێداچوونەوە بەو بەڵگەنامانەی بۆ قۆناخی داهاتووی دانوستاندنەکان پێویستن.
بەرپرسێکی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بە رووداوی راگەیاند، ئەو شاندە پێداچوونەوەیان بە بەڵگەنامە تەکنیکییەکاندا کردووە بۆ ئامادەکاریی چوارەمین کۆبوونەوەی تیمی کار. گفتوگۆکان چەندین تەوەرەی گرنگی وەک یاداشتی سیستەمی بازرگانیی دەرەکی، پرسیار و وەڵامەکان، پلانی کاری یاسادانان، بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە رێوشوێنە تەندروستی و سەلامەتیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەربەستە تەکنیکییەکانی بەردەم بازرگانی و دەستگەیشتن بە بازاڕی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکانیان گرتووەتەوە.
لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی چوارەمین کۆبوونەوەی تیمی کار، ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکە روونیدەکاتەوە کە کارکردن بەرەو سازدانی کۆبوونەوەکە بەردەوامە، بەڵام دیاریکردنی وادەکە راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە خێرایی تەواوکردن و دابەشکردنی سەرجەم بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکانی قۆناخەکانی چوونەناوەوە لەلایەن عێراقەوە.
دەسەڵاتی عێراق لە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی و بازرگانی لەگەڵ دەرەوە
بۆ هەرێمی کوردستان، یەکێک لە پرسیارە هەرە گرنگەکان ئەوە بوو ئایا بەئەندامبوونی عێراق لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانیدا داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات لەژێر یەک سیستەمی گومرکی و پێناسی گومرکیی هاوشێوە کار بکەن یان دەتوانێت جیاواز بێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە و پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە رێوشوێنە کارگێڕییە ناوخۆییەکانی عێراق، بەرپرسێکی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بە رووداوی راگەیاند، ئەوان رێکار و رێکخستنە کارگێڕییە ناوخۆییەکانی عێراق دیاری ناکەن و رێکخراوەکە هیچ جۆرە رێکخستنێکی کارگێڕی یان دامەزراوەیی بەسەر حکومەتەکاندا ناسەپێنێت.
بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە، پرۆسەی بەئەندامبوون لەسەر تەواوی سیستەمی بازرگانیی وڵاتەکە وەک یەک پاکێج و پێداچوونەوە بۆ چوارچێوەی گشتیی بازرگانیی عێراق دەوەستێت، لە کاتێکدا چۆنیەتی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی رێوشوێنە بازرگانییەکان لە نێوخۆی عێراقدا وەک پرسێک دەمێنێتەوە کە پەیوەستە بە خودی حکومەتی عێراقەوە لە چوارچێوەی دانوستاندنەکانیدا چارەسەری بکات. ئەمەش واتا رێککەوتنی بەئەندامبوون نابێتە هۆکار بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی کارگێڕییە گومرکییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە عێراق دڵنیا ببێتەوە لەوەی چوارچێوەی بازرگانی وەک کۆی گشتی، وەڵامدەرەوەی ئەو پابەندبوونانەیە کە لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوەکەدا دانوستاندنیان لەسەر دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو دراوسێیانەی ئەندام نین لە رێکخراوەکە (وەک ئێران)، بەرپرسەکەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بە رووداوی راگەیاند: "ئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی رێگری ناکات لەوەی وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ ئەو ئابوورییانەدا بکات کە ئەندامی رێکخراوەکە نین. یاساکانی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی ماف و ئەرکەکانی وڵاتان لە چوارچێوەی سیستەمی بازرگانیی فرەلایەندا رێکدەخەن، لە کاتێکدا ئاڵوگۆڕ لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوەی رێکخراوەکە بەپێی رێککەوتننامە دووقۆڵی و ناوچەییەکان بەڕێوەدەچێت". ئەمەش دەریدەخات کە بازرگانیی عێراق لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئێران دەتوانێت لەژێر رێککەوتننامە دووقۆڵییەکاندا بەردەوام بێت.
لە هەمان کاتدا جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاسانکاریی بازرگانیی رێکخراوەکە، چوارچێوەیەک بۆ بەهێزکردنی جووڵەی بازرگانی، ئازادکردن و پاکتاوکردنی گومرکیی کەلوپەلەکان دەستەبەر دەکات لە رێگەی شەفافیەتی زیاتر، ئاسانکاری لە رێکارە گومرکییەکان و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە سنوورییەکان، کە ئەمەش گرنگییەکی بەرچاوی بۆ رێڕەوە ترانزێتییەکانی عێراق و دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
کۆسپە یاساییەکان و دەرچوون لە پشتیوانیکردنی نەوت
بەرپرسێکی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە وەڵامەکانیدا ئاماژەی بە راپۆرتێکی نوێی رێکخراوەکە بە ناوی "باشترین هەنگاوەکان بۆ بەئەندامبوون بۆ وڵاتانی عەرەبی" کردووە کە لە تەممووزی 2026دا بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، وڵاتانی عەرەبی بە عێراقیشەوە رووبەڕووی کۆسپی یاسایی، ئابووری و سیاسی دەبنەوە کە پرۆسەی چاکسازییەکان خاو دەکەنەوە. سەرەڕای ئەو کۆسپانە، رێکخراوەکە پێیوایە چوونەناوەوە دەکرێت وەک هۆکارێک بێت بۆ چاکسازیی ئابووری، گونجاندنی یاسا ناوخۆییەکان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و چاککردنی کەشوهەوای وەبەرهێنان و دروستکردنی ژینگەیەکی پێشبینیکراوتر بۆ کەرتی تایبەت.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، بەئەندامبوون لەم رێکخراوە دەرفەت دەرەخسێنێت لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، بەرهەمهێنان، پیشەسازی، گواستنەوە و لۆجستی، گەشتیاری و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکاندا، کە دەکرێت یارمەتیدەر بن لە دەربازبوونی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پشتبەستن بە نەوت و هایدرۆکاربۆن. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە پابەندبوون بە یاساکانی وەک مافی خاوەندارێتیی فیکری و رێکخستنی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی شەفافییەت، کەشێکی باوەڕپێکراو بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی بیانی دێنێتە کایەوە.
ئاسۆی داهاتوو و مەرجە دانوستانکارییەکان بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی بەرهەمهێنەران و جووتیارانی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان کاتێک رووبەڕووی شالاوی هاوردەکردنی کەلوپەلی بیانیی هەرزانتر دەبنەوە، بەرپرسەکە گوتی، هەر قۆناخێکی راگوزەر، رێکخستنێکی رەها و توندوتۆڵ نییە کە بەسەر عێراقدا بسەپێنرێت، بەڵکو لە نێوان عێراق و ئەندامانی رێکخراوەکەدا وەک بەشێک لە پرۆسەی چوونەناوەوە دانوستاندنیان لەسەر دەکرێت. بە واتایەکی دیکە، بەغدا دەتوانێت داوای کات و نەرمی بۆ ماوەی راگوزەر بکات بۆ خۆگونجاندنی سێکتەرە هەستیارەکانی.
هەمان بنەما بۆ کەرتی خزمەتگوزارییەکانیش پەیڕەو دەکرێت؛ بانک، پەیوەندییەکان و پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە لە کۆتاییدا دەکەونە ژێر رکێفی ئەو پابەندبوونانەی عێراق دانوستاندنیان لەسەر دەکات. ئەمەش وەک چۆن رەنگە کێبڕکێی بیانیی زیاتر دروست بکات، هاوکات دەستگەیشتن بە بازاڕێکی نێودەوڵەتیی بەرفراوانتریش دابین دەکات.
سەبارەت بە کاریگەرییە راستەوخۆکان لەسەر ئاستی کۆمپانیاکان یان کەرتە دیاریکراوەکان، بەرپرسێکی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بە رووداوی راگەیاند کە ئەوان پێشبینی لەسەر کاریگەرییە ئابوورییە تاکەکەسییەکان بۆ هیچ دەوڵەتێک یان کۆمپانیایەک ناکەن، بەڵکو ئەوەی چەسپاوە ئەوەیە کە بەئەندامبوون سەقامگیری و شەفافییەت بۆ بازرگانی فەراهەم دەکات.
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دووپاتی دەکاتەوە کە هەموو ئەو پابەندبوون و بڕیارانەی عێراق بەدەستیاندەهێنێت بە دیاریکردنی ماوەی راگوزەری بۆ خۆگونجاندن، نەرمینواندن و بازرگانیی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەستراوەتەوە بەو رێککەوتنەی کە لە داهاتوودا لەسەر مێزی دانوستاندن لەنێوان بەغدا و وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە واژۆ دەکرێت؛ هەربۆیە وادەی کۆتایی بەئەندامبوون دیار نییە، بەڵام بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵانێکی دوورودرێژ، پرۆسەکە بە هەنگاوی تەکنیکی و یاسادانانی بەرچاوەوە چووەتە قۆناغێکی نوێی دانوستاندنی فەرمییەوە.

