رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بڕیاری دا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەپێچەوانەوە رابگرێت. ئەم بڕیارە لە کاژێر 02:00ی بەیانیی رۆژی هەینییەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
درەنگی شەوی پێنجشەممە (24ی ئەیلوولی 2026)، کارگێڕیی فڕۆکەخانەی نەجەف ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی بەڕێوەبەری وێستگەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کردووە و تێیدا هاتووە: "پاڵپشت بەو رێنماییە فەرمییانەی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچوون، بڕیاردرا بە راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان (هاتن و چوون) بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم بڕیارە لە کاژێر 02:00ی بەیانیی رۆژی هەینی (25-9-2026) دەستپێدەکات تاوەکو کاتێکی نادیار."
سەرچاوەیەکی ئەمنی باڵا لە نێو فڕۆکەخانەی نەجەف، رۆژی هەینی(25ـی ئەیلوولی2026)، بە رووداوی گوت: "گەشتەکانی دیکەی وڵاتان بەردەوامە، بڕیارەکە تەنیا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و دیار نییە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت".
بەپێی خشتەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆ هەینی، هیچ گەشتێکی ئاسمانی لە نێوان نەجەف و فڕۆکەخانەکانی ئێران نییە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە هەر دوێنێ پێنجشەممە، عەمار توفەیلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، کە گەشتەکان بە ئاسایی بەردەوامن و تەنیا لەو رۆژەدا 15 گەشت لە نێوان نەجەف و ئێراندا هەبووە، بەڵام رێنماییە نوێیەکان دۆخەکەیان گۆڕی.
هۆکاری سەرەکیی ئەم پەککەوتنەی گەشتە ئاسمانییانە بۆ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە. پێشتر هەردوو کۆمپانیای (مێنزیس - MASIL) و کۆمپانیای نیشتمانیی خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی (ناس) کە خزمەتگوزاریی زەوینی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق پێشکێش دەکەن، کارەکانیان بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان راگرتبوو. لەبەر ئەوەی فڕۆکەخانەی نەجەف خۆی کارە کارگێڕییەکانی رێکدەخست و گرێبەستی لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە نەبوو، گەشتەکانی بەردەوام بوون، بەڵام دواجار گەشتەکانی ئەم فڕۆکەخانەیەش راگیران.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف یەکێکە لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی عێراق، بەتایبەت بۆ گەشتیارانی ئێرانی کە بۆ سەردانی مەزارگە ئایینییەکان روو لەو شارە دەکەن.


