رووداو دیجیتاڵ
دوو کوردی فەیلی سکاڵا لەدژی عەجاج تۆمار دەکەن کە بە "جەلادی نوگرە سەلمان" ناسراوە، بەتۆمەتی ئەوەی لەو گرتووخانەیە دا ئەشکەنجەی داون.
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەکە بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو دوو کوردە فەیلییە تاوەکو 1988 لەگرتووخانەی نوگرە سەلمان بوون و سکاڵایان لەدژی عەجاج و چەند ئەفسەرێکی دیکە کردووە، کە ئەشکەنجەیان داون.
14ـی ئایاری ئەم ساڵ دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان زەعێتەر عوبێدی دەرکرد، بەتۆمەتی کوشتن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر ئەنفالکراوانی کورد لەگرتووخانەی نوگرە سەلمان، ئێستا بڕیارەکە لەسەرۆکایەتیی کۆمارە بۆ پەسندکردن.
ئەیاد کاکەیی رایگەیاند کە یەکەم دانیشتنی دادگەی باڵای تاوانەکان لەبارەی سکاڵای ئەو دوو کوردە فەیلییە رۆژی 27ـی ئەیلوول دەکرێت، ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە عەجاج لەسێدارە نەدرێت، لەسەر ئەو دۆسیەیەش سزای دیکە وەردەگرێت.
عەجاج لە 31ـی تەممووزی 2025 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا، لە 7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 26 شایەتحاڵ و رزگاربووی ئەنفال لەبەردەم دادگە دا گەواهییان لەسەر تاوانەکانی دا.



