رووداو دیجیتاڵ
دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی لێکۆڵێنەوەی کەرخی دووەم، ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانێکی دیکەی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتباری هەڵاتوو، سەرمایەدار و بازرگانی کورد ئومێد حاجی ئەحمەد، دەرکرد، کە بە ناوی سالم ئەحمەد سەعید پاسپۆرتی بەریتانی هەیە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی دادوەر زیاء جەعفەری لەسەرە، فەرمانەکە لە 10ی ئەیلوولی 2021 دەرچووە و ئاراستەی ئەندامانی پۆلیس و دەزگە ئەمنییەکان کراوە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە.
لە فەرمانەکەی دادگەدا هاتووە، "ئومێد حاجی ئەحمەد، کە لەدایکبووی 12-12-1976ە و دانیشتووی پارێزگای هەولێرە، تۆمەتبارە بە "بەدەستهێنان و خاوەندارێتیی پارەی بەدەستهاتوو لە دامەزراندنی چەندین کۆمپانیای نەوتی و بەکارهێنانیان لە پرۆسەکانی هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و گواستنەوەیان بەشێوەیەکی نایاسایی."
تۆمەتەکان بەپێی ماددەی 36ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر ژمارە 39ی ساڵی 2015 ئاراستەی ئەو بازرگانە کراون. لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئومێد حاجی ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای ئایکۆن پیترۆلیۆمی ئیماراتییە.
هەروەها رۆژی 1ی ئەیلوولی 2026، دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی بۆ ئومێد حاجی ئەحمەد دەرکرد، کە پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەم کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بڕیاردراوە بە "دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی تۆمەتباری هەڵاتوو (ئومێد حاجی ئەحمەد)."
بڕیارەکە پاڵپشت بوو بە بڕگەکانی مادەی (121) لە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر هەمان دادگە لە 27ـی تەممووزدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ (ئومێد حاجی ئەحمەد) دەرکردبوو، بەپێی مادەی (430) لە یاسای سزادانی عێراقی.
ئومێد حاجی ئەحمەد کێیە؟
ئومێد حاجی ئەحمەد بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پشت پەردە لە کەرتی وزەی عێراق دادەنرێ و خاوەنی کۆمپانیای (گواستنەوە عەرەبییەکان)ـە، کە گرێبەستی فەرمی بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە باشوور و باکووری عێراق هەبووە، بەتایبەتی لە کێڵگەی نەوتیی (گەیارە) لە پارێزگای نەینەوا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای ئەوەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندووە، ئومێد حاجی ناوی بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیاکەی گۆڕیوە بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی سزاکان راستەوخۆ کار لە چالاکییە بازرگانییەکانی بکەن.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی عێراقیی ئاگادار لە دۆسیەکە بۆ رووداو، ئومێد حاجی ئەحمەد دەستی هەبووە لە فرۆشتنی بڕێکی زۆر لە نەوتی ئێران لە بەندەرەکانی باشووری عێراقەوە بەناوی نەوتی عێراق و بڕێک نەوتی عێراقیشی بەو کۆمپانیایانە فرۆشتووە کە لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون. ئەم کارەی بەناوێکی خوازراو کە سالم ئەحمەد سەعید بووە، کردووە.
لە 3ـی تەممووزی 2025دا نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئومێدی خستە لیستی رەشەوە. تۆمەتەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو تۆمەتبارە بریتی بوون لە:
- ئاسانکاری بۆ قاچاخچێتیی نەوتی ئێران بە بڕی ملیاران دۆلار بۆ وڵاتانی ئاسیا.
- بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە بۆ ناساندنی نەوتی ئێران وەک نەوتی عێراق.
- هاوئاهەنگی لەگەڵ هەندێک بەرپرسی عێراقی بۆ داپۆشینی ئەم کارانە.
- بەکارهێنانی داهاتی نەوت بۆ پشتگیریکردنی ئەو لایەنانەی لە لیستی تیرۆردان.



