رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، بڕێکی زۆر لە خواردنەوە کحولییە دەستبەسەرداگیراوەکان لە رێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە دەفرۆشێت و داوا لە ئارەزوومەندان دەکات بۆ بەشداریکردن رێکارە یاساییەکان جێبەجێ بکەن.
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 13ـی 9ـی 2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاریان داوە بە فرۆشتنی ئەو خواردنەوە کحوولییانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە یان وەک کاڵای جێهێڵدراو لە کۆگاکاندا ماونەتەوە.
زیادکردنەکە لە رۆژانی چوارشەممە و دووشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
گومرگی عێراق دەڵێت: "هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی لەو زیادکردنەدا هەبێت، دەبێت بڕی 20%ی نرخی خەمڵێندراوی ئەو کاڵایانە وەک سپاردە پێشوەختە بدات، ئەمەش بەپێی ئەو رێنمایی و یاسایانەی کە لە دەستەی گومرگدا کارایە."
کۆی نرخە خەمڵێندراوەکەی ئەو خواردنەوە کحوولیانە دەگاتە زیاتر لە 17 ملیۆن دینار.
ئەم خواردنەوە کحوولییانە زۆربەیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بازگەکانی نێوان پارێزگاکان، بەتایبەت لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە.
کاڵاکان بڕێکی زۆر لە جۆرەکانی ویسکی( BJ، Hi Looks، Three) ؛ جۆرەکانی ڤۆدگا Sky Cube، Kreen Di عارەق Janouf، Calmiro، Master و شەرابی سپی و سوور لەخۆدەگرن.
کۆی گشتیی نرخە خەمڵێندراوەکە بۆ سەرجەم کاڵاکان بە 17 ملیۆن و 199 هەزار دینار دیاریکراوە.
پرۆسەی فرۆشتنی کاڵا دەستبەسەرداگیراوەکان لە رێگەی مەزادی ئاشکراوە، رێکارێکی یاساییە کە گومرگی عێراق بۆ چۆڵکردنی کۆگاکان و گەڕاندنەوەی داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت پەنای بۆ دەبات.


