رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی هێرشەکەی سەر سعودیە، کارەکانی لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوە و هۆکاری داخستنی ژمارەیەک لە دەروازە سنوورییەکانی نێوانیان کرد.
درەنگی شەوی شەممە، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێگەیشتووە و تێیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تارانیان تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە پەیوەندییەکەدا باس لەو رێوشوێنانە کراوە کە پەیوەستن بە داخستنی ژمارەیەک لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ هۆکارەکانی گرتنەبەری ئەو بڕیارە و میکانیزمی چارەسەرکردنیان.
حکومەتی سعودیە رایگەیاندبوو، لە هێرشەکاندا کە بە درۆن و لە عێراقەوە کراون، هێڵی بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای کردووەتە ئامانج و زیانی مادی و برینداری لێکەوتووەتەوە.
ریاز، ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، "لەم قۆناخەدا بڕیاریانداوە وەڵام نەدەنەوە،" بەڵام مافی خۆیان دەپارێزن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی خۆیان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، هەردوو وەزیر هێرشەکەی سەر سعودیە و ئەو رێکارانەی لەو بارەیەوە گیراونەتەبەریان تاوتوێ کردووە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی رۆڵی ئەو لیژنە هاوبەشەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاری و لێکەوتەکانی هێرشەکە پێکهێنراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە باس لەو کۆبوونەوەیە کراوە کە بڕیارە لە عومان بەڕێوەبچێت بە بەشداریی هەشت دەوڵەتی ناوچەکە (وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، عێراق و ئێران)، بۆ تاوتوێکردنی کێشە و پرسەکانی پەیوەست بە تەنگەی هورمز. لەو چوارچێوەیەشدا فوئاد حوسێن پشتیوانیی تەواوی عێراقی بۆ بەستنی ئەو کۆبوونەوەیە پێشانداوە و رایگەیاندووە کە شاندێکی عێراقی بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوو وەزیر تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی یەمەنیشیان کردووە و جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە رێگەی دیالۆگ و وتووێژ کردووەتەوە، بە شێوازێک کە هاوکار بێت لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.


