رووداو دیجیتاڵ سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرماندەی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسانی دیاری کرد. ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ پارێزگاکە و گرتنەبەری چەندین رێکاری بەپەلە. سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە راگەیێندراوێکدا رۆژی شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا روکن عەلی عەبدولحوسێنی وەک فەرماندەی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان دیاری کرد". ئەم فەرمانە دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ عەلی زەیدی فەرمانی لەکارلادانی فەرماندەی پێشووی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگاکەی دەرکرد. لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا، ئەمڕۆ شەممە لیژنەیەکی باڵای ئەمنی گەیشتە پارێزگای مەیسان بۆ لێکۆڵینەوە لە ئۆپەراسیۆنی ئەو هێرشە درۆنییانەی کرابوونە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە. بەگوێرەی میدیای فەرمیی عێراق، لە چوارچێوەی رێکارە ئەمنییەکاندا دەروازەی سنووریی (شەیب) لە پارێزگای مەیسان تا کاتێکی نادیار بە تەواوی دادەخرێ، جگە لە رێگەدان بە پەڕینەوەی ئەو گەشتیار و زیارەتکارانەی لە هەردوو دیوی عێراق و ئێراندا گیریان خواردووە. لە پارێزگای بەسرەش، دەروازەی سنووریی (شەلامچە) بە تەواوی بە رووی گەشتیار و زیارەتکاران و جووڵەی بازرگانیدا داخراوە و ئێستا لیژنەی ئەمنیی تایبەتمەند لە دەروازەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند پێشێلکارییەک و داڕشتنی میکانیزمێکی نوێی کارکردن، لە کاتێکدا دەروازەی سنووریی (زرباتییە) لە پارێزگای واست بە کراوەیی ماوەتەوە و لەژێر چاودێریی تووندی ئەمنیدایە. فەرماندە نوێیەکەی مەیسان کێیە؟ لیوا روکن عەلی عەبدولحوسێن کازم، لە ئایاری 2021 لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق، دوای ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی نێوان هێزە فەرمییەکان و چەکدارانی گرووپەکان، وەک فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە دەستنیشان کرا. عەلی عەبدولحوسێن لە بەسرە بە ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی چڕ بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕی خێڵەکان و کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زۆنگاوەکان ناسراوە. دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە لە ساڵی 2023، چەند ئەرکێکی دیکەی باڵای سەربازی و کارگێڕی لەنێو وەزارەتی بەرگری و سوپادا وەرگرت. ئەم گۆڕانکاری و رێکارە ئەمنییانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆریی نەوتی ناسراو بە (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا)ی وڵاتەکەی لە هەردوو پارێزگای ریاز و مەدینە بە "چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە خاکی عێراقەوە" هێرشی کراوەتە سەر. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە رایگەیاند: "لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رەخساندنی دەرفەت لەبەردەم حکومەتی وڵاتەکەی، تاوەکو رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەو پەلامارانەی لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر سعودیە و وڵاتانی دراوسێ، شانشینی سعودیە بڕیاری دا لەم قۆناخەدا وەڵام نەداتەوە و پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بکات." بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا) بە یەکێک لە گرنگترین ژێرخانە ستراتیژییەکانی وزەی سعودیە دادەنرێ، لە ساڵی 1980 دەست بە دروستکردنی کرا و لە ساڵی 1981 تەواو بوو. ئەم بۆرییە دەتوانێت رۆژانە 7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سعودیەوە بگوازێتەوە بۆ بەندەرەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە لەسەر دەریای سوور، ئەمەش وەک رێگەیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعودیە بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت.