رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر سعودیە و رایدەگەیێنێت، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەیان لەبارەی ئەو لایەنانە دەستپێکردووە کە لە پشت هێرشەکانەوەن. هاوکات سوپاسی هەڵوێستی ریاز دەکات کە وەڵامی سەربازیی نەداوەتەوە و دەرفەتی داوەتە بەغدا بۆ رێگریکردن لە هێرشەکان.
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "حکومەتی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر سعودیەی برا."
گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی عێراق پێزانینی هەیە بۆ هەڵوێستی سعودیە و وەڵامدانەوەی ئەرێنی بۆ ئەو هەوڵانەی بەغدا بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە داویەتی، "ئەمەش رەنگدانەوەی پەرۆشیی ریازە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانیکردووە کە "لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەسەر وردەکاریی هێرشەکان و دیاریکردنی ئەو لایەنانەی لە پشتییەوە بوون، بکرێت، تاوەکو رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک بگرێتەبەر کە دەستی لە کارەکەدا هەبووە."
زەیدی ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەوڵەت چاوپۆشی لە هیچ چالاکییەک ناکات کە عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا بخاتە مەترسییەوە."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "خاک و ئاسمانی عێراق نابێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ دەوڵەتێک و سیاسەتی عێراق لەسەر رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان بنیاتنراوە تاوەکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی پردی هاوکاری و سەقامگیری بن، نەک گۆڕەپانی گرژی و ململانێ."
ئەم هەڵوێستەی حکومەتی عێراق دوای ئەوە دێت شەوی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بۆریی نەوتی ستراتیژیی ناسراو بە (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا) لە هەردوو پارێزگای ریاز و مەدینە، لەڕێگەی چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون، کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بریندار و زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
سعودیە رایگەیاندبوو، لەسەر داوای عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریان داوە لەم قۆناخەدا وەڵامی سەربازی نەدەنەوە تاوەکو دەرفەت بدەن بە بەغدا رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لە پەلامارەکان بگرێتەبەر، هەرچەندە ریاز باسی لەوە کردبوو، مافی تەواوی خۆیان لە پاراستنی سەروەری و دامەزراوەکانی دەپارێزن.
بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، دەسەڵاتدارانی سعودیە وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی و بۆ رێگری لە تەقینەوەی گەورە، هەناردەکردنی نەوتیان لە رێگەی بۆرییەکەوە راگرت. ئەو بۆرییەی کە توانای گواستنەوەی رۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە بەرەو دەریای سوور و یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی هەناردەی نەوتی سعودیە بەبێ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا.



