رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) دەست بە رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، چیای شنگال دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکومەتی فیدراڵی و دەزگا ئەمنییەکانەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی هەینی، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێشوازی لە شاندێکی هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار موراد ئیسماعیل و یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) کرد. لە دیدارەکەدا دۆخی قەزای شنگال، سەقامگیری، ئاوەدانکردنەوە و ئایندەی خەڵکی ناوچەکە تاوتوێ کران.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، یەکینەکانی بەرخودانی شنگال دەست بە رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت دەکەن و چیای شنگال بەتەواوی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنی و کارگێڕییەکان.
زەیدی رایگەیاندووە: "کۆنتڕۆڵکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی خەڵکی قەزاکە و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و داهاتوویان."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و کۆتاییهێنانە بە فرەناوەندی لە بڕیاری ئەمنیدا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "دەوڵەت مافی کارمەندانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال و یەکینەکانی ژنانی شنگال )یەژەشە) و قوربانیدانیان دەستەبەر دەکات، ئەوەش لەڕێگەی رێکخستنەوەی دۆخیان و تێکەڵکردنی ئەو کەسانەی مەرجەکانیان تێدایە لەنێو دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق بەپێی یاسا."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دۆخی خزمەتگوزاری لە شنگال، پرۆژەکانی ژێرخان، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و ئامادەکردنی زەوینە بۆ گەڕانەوەی تەواوەتیی ئاوارەکان خراوەتە بەرباس؛ هاوکات لەسەر چەندین پرسی کارگێڕی تایبەت بە فەرمانگەکانی قەزاکە و بەڕێوەبردنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال گفتوگۆ کراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد لەوانە، "پشکی پێکهاتەی ئێزدی لە پرۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی دەستەبەر بکرێ، کاربکرێ بۆ دەستەبەرکردنی زەوینەی گونجاو بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان، پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لەسەر دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی قەزاکە و چاودێریکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی نێوخۆیی لەنێو دامەزراوە فەرمییەکان."
یەکینەکانی بەرخودانی شنگال و یەکینەکانی ژنانی شنگال هێزی چەکداریی کوردی ئێزدیین و دوای کۆمەڵکوژیی ساڵی 2014ی داعش لە شنگال، بە پشتیوانی و بیری نزیک لە پەکەکە پێکهێنران.



