رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، لە ئەنقەرە لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا، ئاژانسی فەرمیی تورکیا (ئەنادۆڵ) رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026 بەرێوەچووە و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کراون و جەخت لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئاو، پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوە لە عێراق.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە عێراق تاوتوێ کرا.
لە بەرامبەردا حەلبووسی پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆسەی چارەسەری دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە کاریگەریی ئەرێنی بۆ سەر تەواوی ناوچەکە دەبێت.
شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی، لە سەردانێکی سێ رۆژە لە 8 بۆ 10ی ئەیلوول لە ئەنقەرە، لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا کۆبوونەوە.
پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لە ساڵانی دواییدا لە بوارەکانی ئاسایش، ئاو و بازرگانی پێشڤەچوونی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.
هەم هاوئاهەنگیی ئەمنی لەسەر پاراستنی سنوورەکان و هەم بەشداریی تورکیا لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیالۆگی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵاتن.


