رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە 860 کەس لە عێراق رووبەڕووی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە و زۆربەی هەڕەشەلێکراوان لە رەگەزی مێن.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوە، رایگەیاندووە: "تیمە پسپۆڕەکان توانیویانە چارەسەری 864 حاڵەتی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی بکەن و بەپێی رێکارە یاساییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن."
بەپێی راگەیێندراوەکە، 763 لە قوربانییەکان مێ و 101ـیان نێر بوون.
هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، کە بە گشتی بریتییە لە بەکارهێنانی زانیاریی کەسی یان وێنە و ڤیدیۆ بۆ ناچارکردنی کەسێک بە کردنی کارێک یان پێدانی پارە، بووەتە دیاردەیەکی جیهانی. لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم دیاردەیە زیاتر روو لە کچان و ژنان دەکات و کاریگەریی قووڵی کۆمەڵایەتی و دەروونی لەسەر قوربانییەکان و خێزانەکانیان بەجێدەهێڵێت.
لیوا میقداد میری، دەڵێت: "پۆلیسی کۆمەڵایەتی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و پێشکێشکردنی پاڵپشتیی دەروونی و یاسایی بۆ قوربانییەکان، لەگەڵ پاراستنی تەواوی نهێنیی زانیارییەکان." داواشی لە هاووڵاتییان کرد ملکەچی هەڕەشەکاران نەبن و دەستبەجێ لە رێگەی هێڵی گەرمی 911 یان کەناڵە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆوە سکاڵا تۆمار بکەن.
رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی فەرمیی دەزگاکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، "دەستپێکردنی سەکۆی (ميّز التزييف- جیاکردنەوەی ساختەکاری) لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" راگەیاند، کە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوە و خۆپاراستن لە مەترسییەکانی ساختەکاریی قووڵ و چەواشەکاریی دیجیتاڵی بەهۆی بەکارهێنانی هەڵەی زیرەکیی دەستکردەوە.
ئەرشەد حاکم، گوتی: "خستنەڕووی سەکۆی (ميّز التزييف- جیاکردنەوەی ساختەکاری) وەک هەنگاوێکی پێشوەختەی پێشەنگ دێت بۆ دروستکردنی هێڵێکی بەرگریی کۆمەڵایەتیی پتەو؛ کە ئامانج لێی بەهێزکردنی هاووڵاتیی عێراقی و راهێنانی لێهاتووییە مەعریفییەکانیەتی لەسەر ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵیی چەواشەکارانە".
گوتەبێژی دەزگاکە ئاماژەی بەوەدا "لەرێگەی سەکۆکەوە دەتوانرێت پشتڕاستی لە دروستیی میدیاکان بکرێتەوە بە هەموو شێوەکانیانەوە — جا چ وێنەی دەستکرد بن، یان ڤیدیۆی ساختە، یانیش دەنگ — ئەمەش بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و رووبەڕووبوونەوەی شێوازە نوێیەکانی فێڵی ئەلیکترۆنییە."



