رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق، داوا لە ئەمیندارێتیی بەغدا دەکات رێکارێکی یەکگرتوو بۆ وەرگرتنی ئەو قەرزانە دابنێت کە لەسەر هاووڵاتیان کەڵەکەبوون. داوادەکات مۆڵەتی پیشەیی نوێ نەکرێتەوە تاوەکو قەرز نەدرێتەوە و دەشڵێ، 41 هەزار کەس لە 5 فەرمانگەی شارەوانیی بەغدا خۆیان لە پێدانی رسوومات دزیوەتەوە.
دەستەکە، دوای سەردانی بەشی کارگێڕی و رەفتاری وەزیفی لە فەرمانگەی خۆپارێزی بۆ ئەمینداریەتیی بەغدا (نووسینگەکانی ئەمینداری و بریکاری شارەوانی و فەرمانگەی یاسایی، هەروەها شارەوانییەکانی رەسافە، کەرخی ناوەند، رەشید، کەرادە، مەنسوور و ئەعزەمییە) راپۆرتێکی ئامادە کردووە و ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026 نێوەڕۆکەکەی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا، هانی فەرمانگەکانی شارەوانی داوە پابەندی رێکارە یاساییەکان بن بۆ وەرگرتنی قەرزەکان بەپێی یاسای وەرگرتنی قەرزە حکومییەکان ژمارە (56)ی ساڵی 1977 و پەنا نەبەنە بەر رێکاری دیکە، وەک مۆرکردنی دووکانەکان بە مۆمی سوور و دانانی بەربەستی کۆنکرێتی.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە راپۆرتەکەیدا کە کۆپییەکی بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەمینداری بەغدا ناردووە، پێشنیازی دروستکردنی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی بۆ هەموو فەرمانگەکانی شارەوانی کردووە کە بەردەوام نوێبکرێتەوە و هاووڵاتی بتوانێت لە رێگەیەوە زانیاری لەسەر قەرزەکانی و ئەو بڕە پارانەی داویەتی وەربگرێت. بەگوێرەی راپۆرتەکە، زیاتر لە 41 هەزار کەس لە پێنج فەرمانگەی شارەوانیدا لە ساڵی 2025 خۆیان لە پێدانی رسوومات دزیوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دراوە ئەو قەرزانە بدەنەوە کە چەندین ساڵە لەسەریان کەڵەکە بووە، سەرەڕای چەندین نووسراوی فەرمی. هەروەها ئاماژە بە گرنگیی کاری راگەیاندن بۆ بڵاوکردنەوەی رێنوێنییەکانی تایبەت بە رسوومات و ئەگەری بە قیستکردنی قەرزەکان کراوە. شارەوانییەکانی رەسافە، کەرخی ناوەند، مەنسوور، ئەعزەمییە و رەشید لە ساڵی 2025دا داهاتیان گەیشتووەتە زیاتر لە 37 ملیار دینار، کە لەو بڕە زیاترە کە بۆیان دیاریکرابوو.
دەستەکە راسپاردەی بۆ وەزارەتەکانی (رۆشنبیری، تەندروستی، نەوت، بازرگانی، پلاندانان و بانکی ناوەندی) کردووە کە مۆڵەت بە کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار، هۆتێلەکان، بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، نەخۆشخانە و نۆرینگە ئەهلییەکان، زێڕنگەرەکان، بەنزینخانەکان و خاوەن مۆلیدەکان نەدەن و مۆڵەتیان بۆ نوێ نەکەنەوە، تاوەکو بەڵگەنامەی بێگەردی لە فەرمانگەکانی ئەمینداریەتیی بەغدا نەهێنن.
لە کۆتاییدا، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە پێویستە پێداچوونەوەی خولی بۆ خەمڵاندنی رسووماتی کار و پیشەکان بکرێت و رەوشی ئابووریی هاووڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت؛ ئەمەش بۆ هاندانیان لەسەر پێدانی رسوومات و زیادکردنی داهاتی دەوڵەت، چونکە تاوەکو ئێستا کار بە خەمڵاندنەکانی ساڵی 2018 دەکرێت.



