رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی 35 هەزار پارچە زەوی نەینەوا رەتکردەوە. کارگێڕیی پارێزگاش فەرمانی دەستپێکردنی رێکارەکانی بەکارهێنانی ئەو زەوییانەی دەرکرد.
سکاڵاکە لەلایەن چوار پەرلەمانتاری نوێنەری کریستیان، شەبەک، کاکەیی و ئێزدی دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری نەینەوا تۆمارکرابوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە 20ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، کە تێیدا داوایان کردبوو رێکارەکانی بەکارهێنانی 35 هەزار پارچە زەوی نەینەوا هەڵبووەشێندرێتەوە، چونکە مادەی 140 دەیانگرێتەوە.
دادگەی فیدراڵی لە 7ی ئەیلوول سکاڵاکەی رەت کردەوە بە پاساوی ئەوەی لە تایبەتمەندیی دادگاکەدا نییە.
سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای رەتکردنەوەی سکاڵاکە، پارێزگاری نەینەوا دووشەممە (7ى ئەیلوول) نووسراوی فەرمی بۆ شارەوانی کرد کە رێکارەکانی بەکارهێنانی ئەو زەوییانە لەلایەن ئەو کەسانەوە بگرێتەبەر کە بەناویانەوەیە."
ئەو زەوییانە بەر لە رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003 کراون بە ناوی ئەو 35 هەزار کەسە کە فەرمانبەر بوون، لە کاتی بەناوكردنەکەیشدا بەشێک لەو زەویانە لەنێو سنووری ناحیەکانی حەمدانییە و بەرتلە بوون.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، ئەو ناوچەیە ئێستا سەر بە شارەوانیى موسڵە و مادەی 140 نایگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش ئەو زەوییانە کە بە ناوی شەبەک بوون، رەگەزەکەیان گۆڕدراوە و خاوەنەکانیان قەرەبوو کراونەتەوە بەر لەوەی بکرێن بە ناوی کەسانی دیکەوە.
دوو نووسراو دەست رووداو کەوتوون کە لە ئەنجوومەنی پارێزگا و دیوانی پارێزگای نەینەواوە لەسەر ئەو سکاڵایە ئاراستەی دادگەی باڵای فیدراڵی کراون و تێیاندا هاتووە کە لە 14ی ئابی 2027 لیژنەی باڵای مادەی 140 بە نووسراوی فەرمی ئەو ناوچانەی دیاری کردووە کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە کە بریتین لە کەرکووک، شنگال و ناحیەکانى، خانەقین، بەڵام ناوی ناحیەکانی حەمدانییە، بەرتلە و دەشتى نەینەوای تێدا نەهاتووە.
خالید سیدۆ، پەرلەمانتاری ئێزدی کە یەکێک بوو لەوانەی سکاڵاکەیان تۆمار کردبوو، بە رووداوی گوت: "دوای رەتکردنەوەی سکاڵاکە لە دادگەی کارگێڕی سکاڵا تۆمارناکەین، چونکە بەگوێرەی نووسراوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و دیوانی پارێزگا، ئەو رێکارانەی دابەشکردنی زەوی شنگال و ناحیەکانی دیکە ناگرێتەوە و وەک مادەی 140 ئاماژەی پێکراوە و مەترسییان لەسەر نییە."




