رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێ، پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی خولی دووەمی بابەتی بیرکاریی پۆلی 6ـی ئامادەیی دزەیان پێکراوە و بڵاوکراونەتەوە.
لە دوێنێ یەکشەممەوە دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە گوایە بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکە، پرسیارەکانی بابەتی بیرکاریی خولی دووەمی پۆلی 6ـی ئامادەیی دزەیان پێکراوە و بڵاوبوونەتەوە.
چیمەن حوسێن سوورچی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "وەزیری پەروەردەی عێراق سەرۆکی لیژنەکەمانی ئاگادارکردووەتەوە کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکە، ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."
دزەپێکردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە عێراق بابەتێکی نوێ نییە. رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2022، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی دوو کەسی راگەیاند کە تۆمەتبار بوون بە دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی بیرکاریی پۆلی 3ـی ناوەندی. بەهۆی دزەپێکردنەکەوە، تاقیکردنەوەکە دواخرا.
هەروەها لە حوزەیرانی 2026، هێزە ئەمنییەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستیان بەسەر 61 دەفتەری تاقیکردنەوەی پۆلی 6ـی ئامادەییدا گرت کە پرسیار و وەڵامەکانیان تێدابوو.



