رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەدواداچوون و ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، هۆکاری درێژکردنەوەی سزاکانی ئەورووپا بۆ سەر هێڵی ئاسمانیی عێراقییە و بەشێکی گرفتەکانی بەردەم پێشکەوتنی فڕۆکەخانەکانی عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەتایبەتی، هەژموونی گرووپە چەکدارەکانە. بەگوتەی سەرچاوەیەکی حکومیی عێراق، هەوڵ دەدرێ ئاسایشی فڕۆکەخانە بدرێتە کۆمپانیایەکی بیانی.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتوون، چەند گرووپێکی چەکداری دیار، لەوانە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، چەندین ساڵە لەڕێگەی دانانی کەسانی نزیک لە خۆیان لە پۆستە کارگێڕی و ئەمنییەکاندا، کۆنترۆڵی جووڵەی گەشتیاران و چاودێریی وردی فڕۆکەخانەی بەغدایان کردووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە بەغداوە بۆ رووداو باس لەوە دەکەن، ململانێی راستەقینە لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی "هەواڵگریی فڕۆکەخانە، ئاسایشی فڕۆکەخانە و بەشی گرێبەستەکانە".
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "حەشدی شەعبی نوێنەرێکی فەرمیی لە فڕۆکەخانەی بەغدا داناوە بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانیان."
"ئاسایشی فڕۆکەخانەکان دەدرێتە کۆمپانیایەکی ئەمنی"
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، لەبەر هەستیاریی فڕۆکەخانەکە، حکومەتەکەی زەیدی لە پلانیدایە کاروباری ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدا بەتایبەتی و فڕۆکەخانەکانی دیکەش بەگشتی، بداتە دەست "کۆمپانیایەکی ئەمنی" و رەنگە کۆمپانیاکە بیانی بێت.
گوتیشی، "لەبەر بوونی نوێنەرایەتیی حەشد و لایەنی دیکەیە کە دەمانەوێت ئەو هەوڵە سەر بگرێ و ئاسایشەکەی بدرێتە کۆمپانیایەک."
ئاسایشی فڕۆکەخانەکە ئێستا بەدەست بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی فڕۆکەخانەکانە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە.
ئەو سەرچاوەیەی رووداو دەڵێت، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هەموو خەرجییەکانیان لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکەیە، بەڵام فەرمان و رێنمایی لە وەزارەتی ناوخۆوە وەردەگرن.
مانگی 12ـی 2015، یهكێتیی ئهورووپا هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی خستە لیستی رهشی فڕۆكهوانیی جیهانییەوە، ئەوەش بههۆی پابهندنهبوونی به مهرجهكانی سهلامهتیی فڕۆكهوانییەوە.
زانیارییەکانی رووداو ئاماژە بەوە دەکەن، مانەوەی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە لیستی سزای ئەورووپی تەنیا پەیوەندی بە لایەنی تەکنیکییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە شێوازی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکەوە هەیە.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەوانی (وەک ICAO) تێبینییان لەسەر "دەستوەردانی لایەنە نائەمنییەکان" لە کاروباری فڕۆکەخانەدا هەیە، ئەمەش بووەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی پێوەرە جیهانییەکانی سەلامەتی.
ئاسانکاریی نوێ لە فڕۆکەخانەی بەغدا؛ پێویست ناکات بۆ پشکنین گەشتیار لە ئۆتۆمبێل دابەزێت
رۆژی یەکشەممە، 6ی ئەیلوولی 2026، حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەی ئەمنیی فڕۆکەخانە لە کۆبوونەوەیەکدا، پێشنیازێکی بۆ ئاسانکردنی رێکارەکان بەرزکردووەتەوە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی ناوخۆین بۆ جێبەجێکردنی."
گرنگترین خاڵەکانی پێشنیازە نوێیەکە:
- گەشتیاران لە کاتی پشکنیندا لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان دەمێننەوە و پێویست ناکات دابەزن یان جانتاکانیان دەربهێنن.
- پشکنینەکان لەڕێگەی تیمەکانی سەگی پۆلیسی (K9)ـەوە ئەنجام دەدرێن.
- بۆ رێگریکردن لە قەرەباڵخی، پێنج رێڕەوی نوێ بۆ هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێلەکان دەکرێنەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە دوای باشتربوونی دۆخی ئەمنیی عێراق دێت و گوتی، "لە رابردوودا گەشتیاران نەدەگیشتنە هۆڵەکانی فڕۆکەخانە، بەڵام ئێستا بەهۆی سەقامگیریی ئەمنییەوە، دەمانەوێت زۆرترین ئاسانکاری پێشکێش بکەین و مەودای پشکنینەکان تاوەکو نزیک هۆڵەکانی گەشت کەم بکەینەوە."
سەبارەت بە دۆسیەی قەدەخەی فڕینی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی لە ئاسمانی ئەورووپا، حوسێن ئەحمەد گوتی، "تاوەکو ئێستا بڕیاری قەدەخەکە وەک خۆی بەردەوامە و گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە، بەڵام کارکردن بۆ جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و لابردنی ئەو قەدەخەیە چەند ساڵێکە بەردەوامە و هەوڵی جیدی بۆ دەدرێت."
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە؛ هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە.


