رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران کە نەکەونە داوی "کۆمپانیا وەهمییەکان" و ئەو لایەنە بێ مۆڵەتانەی بەناوی وەبەرهێنانەوە فێڵ لە خەڵک دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هاووڵاتیان کرد، پێش ئەوەی پارەکانیان بۆ هەر مەبەستێکی وەبەرهێنان دابنێن، وردبینی لە یاساییبوونی ئەو لایەنانە بکەن کە پارەکەیان رادەست دەکەن.
بەگوتەی فەیسەڵ هەیمەس، هەندێک لایەن ناوی بازرگانیی ساختە، پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و لاپەڕەی سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنن بۆئەوەی وەبەرهێنەران وا تێبگەیێنن کە دامەزراوەی دارایی رێگەپێدراون. ئەم لایەنانە بەڵێنی "قازانجێکی زۆر و خێرا" بە خەڵک دەدەن، بەڵام ئامانجی سەرەکییان "تەنیا دەستبەسەرداگرتنی سامانی هاووڵاتیانە."
سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان چەند رێنماییەکی وەک "هێڵی سوور" دیاریکردووە کە دەڵێت، "پێویستە هاووڵاتیان لێی بەئاگا بن."
رێنماییەکان ئەمانەن:
- داواکردنی گواستنەوەی پارە بۆ هەژماری کەسی یان جزدانی ئەلیکترۆنیی نەناسراو.
- مەرجدارکردنی وەبەرهێنان بە پێدانی پێشەکی.
- بەڵێندان بە قازانجی مسۆگەر و ناڕاستەقینە.
- پشتبەستن تەنیا بە رێکلامەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ بڕیاردان لەسەر وەبەرهێنان.
فەیسەڵ هەیمەس ئاماژەی بەوە کردووە کە "وەبەرهێنانی سەلامەت لەوەوە دەستپێدەکات هاووڵاتی راستەوخۆ لە لایەنە چاودێرییە فەرمییەکان بپرسێت و دڵنیابێتەوە لەوەی کۆمپانیاکە مۆڵەتی فەرمیی هەیە،" داواش دەکات، هەر چالاکییەکی گوماناوی هەبێت، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگاداربکرێتەوە.
دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق دامەزراوەیەکی حکومیی سەربەخۆ و چاودێرە، کە بەرپرسە لە رێکخستن، سەرپەرشتیکردن و گەشەپێدانی بازاڕی سەرمایە و کاخەزە داراییەکان لە عێراقدا.

