رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی بڕێکی زۆر لە بەنزینی هاوردەکراو دەگاتە وڵاتەکە و بەڵێنی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بەنزین دەدات.
باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق، رۆژی هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی "شانەی قەیرانەکان"ی کرد بۆ بەدواداچوونی دوایین پێشهاتەکانی سووتەمەنی و دڵنیاییکردنەوەی هاووڵاتییانی عێراق لە جێگیربوونی بازاڕ.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزیری نەوت جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەو کورتهێنانە کاتییەی لە بەنزیندا دروستبووە چارەسەر دەکرێ" و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا چەند بارێکی دیکەی بەنزینی هاوردەکراو بگەنە بەندەرەکان، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و تەنگەی هورمزەوە هەناردە و هاوردەکردنی سووتەمەنی تووشی پەککەوتن بوو.
وەزیری نەوت وردەکاریی ئاستی بەکاربردنی نێوخۆیی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "تێکڕای بەکاربردنی رۆژانەی بەنزین نزیکەی 33 ملیۆن لیترە، بەڵام کاتێک هاووڵاتییان تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و قەرەباڵخی لەسەر وێستگەکان دروست دەبێت، ئەم بڕە بۆ 38 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە."
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دەستکەوتەکانی وەزارەت لە چوارچێوەی پلانی "100 رۆژی یەکەم"ی تەمەنی حکومەت کرا. باسم محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی دەستبەکاربوونی کابینەکەی عەلی زەیدی "هەناردەی نەوتی خاوی وڵات تەنیا 250 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو سێ ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕاندووە."
وەزیری نەوت باسی لەوەش کردووە، گەشەپێدانی کەرتی دەرهێنان، پاڵاوتن و گاز بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی داهاتی گشتی بۆ بودجە و پاڵپشتیی ئابووریی نیشتمانی زیاد بکەن.
سەبارەت بە مافی فەرمانبەرانی کەرتی نەوت، وەزیر دووپاتی کردەوە کە "مۆدێلە ئابوورییە نوێیەکە" هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران نابێت و رایگەیاند: "شایستە داراییەکانی فەرمانبەران هێڵی سوورە."
عێراق لە مانگی رابردوودا ریکۆردێکی نوێی هەناردەکردنی نەوتی لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە تۆمار کرد، کە گەیشتە نزیکەی 70 ملیۆن بەرمیل. قەیرانی بەنزین کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە سەریهەڵداوە، وەزارەتی نەوت دەیگەڕێنێتەوە بۆ "کورتهێنانی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن" و دواکەوتنی گەیشتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمزەوە.

