رووداو دیجیتاڵ
بەسرە، کە سەردەمانێک بە سەبەتەی خۆراکی هەموو عێراق ناسرابوو، ئێستا رووبەڕووی مەترسیی پوکانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی بووەتەوە. کەمئاوی، وشکەساڵی و چەندین هۆکاری دیکە هەڕەشەی جددین لەسەر ئەو کەرتە گرنگەی پارێزگاکە.
پاشماوەی جەنگ، پشتگوێخستنی جووتیاران لەلایەن حکومەتەوە، هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی، سەپاندنی باج و لە هەمووی کاریگەرتر، کەمئاوی و بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە ئاودا، وایانکردووە زەوییە بەپیتەکانی ناوچەکانی زوبێر و سەفوان رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون ببنەوە.
عەبدولڕەزاق موحسین، سەرۆکی یەکێتیی جووتیارانی زوبێر، دەڵێت: "پێداویستییەکانمان لە بازاڕدا گران بوون و نرخەکانیان چەند قات بووە، هەر لە تۆوەوە بیگرە تا دەگاتە ئامێر و کەلوپەلەکانی دیکە. جووتیاران بەناچاری داماون و نازانن چی بکەن، پارەیان نییە بیدەنە حکومەت تاوەکو کەلوپەلیان بۆ دابین بکرێت، کاتێکیش روو لە بازرگانان دەکەن، کەلوپەلەکان بە نرخی زۆر گران دەستدەکەون."
جووتیارێک بە ناوی ئەبو عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات کە ئەگەر ئاوی شیرینیان هەبووایە، دەیانتوانی لە هاوین و زستاندا بەردەوام بن لەسەر کشتوکاڵکردن. ئەو دەڵێت، "خۆتان دەزانن قەزای زوبێر بە کشتوکاڵەکەی بەناوبانگە، بەتایبەتی تەماتە و خەیار و شووتی. بەڵام بەهێزترین بەرهەممان دارخورمایە کە بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، کەچی ئەویش بەرگەی ئاوی سوێری بەسرە و وشکەساڵییەکەی نەگرت و وشکی کرد."
بەسرە یەکێکە لەو پارێزگایانەی زۆرترین زیانی کەمئاوی و وشکەساڵیی بەرکەوتووە. ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و سامانی ماسی داناوە و ساڵ بە ساڵ زیانەکان زیاتر دەبن.
هادی حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەسرە، بە رووداوی راگەیاند: "ئاو کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر ئاژەڵداری، باخە خورماکان و سامانی ماسی، بەتایبەتی ئەو جۆرە ماسییانەی پێویستیان بە ئاوی شیرینە. وشکەساڵی کاریگەری کردووەتە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیش، بەتایبەتی ئەوانەی بەرهەمی ستراتیژییان هەیە وەک گەنم و جۆ. تەنانەت کاریگەری لەسەر تام و کوالێتیی ئەو خورما بەناوبانگانەش کردووە کە تەنیا لە باخەکانی بەسرەدا بەرهەم دەهێنران."
تەنیا لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەویی بەراو کە بۆ چاندنی گەنم و جۆ بەکاردەهێنران، بەهۆی کەمئاوییەوە وشک بوون و لە پلانی کشتوکاڵی دەرکران.
پێشتر کێڵگە بەپیتەکانی بەسرە بە تەماتە، بیبەر، خەیار و خورمای بەتام بەناوبانگ بوون، بەڵام ئێستا پارێزگاکە زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە دەرەوە هاوردە دەکات و ئاوی سوێر نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ کشتوکاڵ، بەڵکو بۆ دانیشتووانیش.
