رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "نێوەرۆکی نەشیاو"، دادگەی عێراقی سزای بەندکردنی بۆ ڤلۆگەری ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مەروە عوبەیدی ناسراو بە (ماکیرە مەروە) دەرکرد.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026 بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی "نێوەرۆکی نەشیاو" بەدواداچوونی بۆ ڤیدیۆکانی ئەو هاووڵاتییە کرد و دواجار دادگەی کەتنی کەرخ، سزای سێ مانگ و 10 رۆژ بەندکردنی بۆ دەرکرد.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە، مەروە عوبەیدی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکێک کە پێچەوانەی ئاداب و رەوشتی گشتییە" لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیادا تاوانبار کراوە.
ماکیرە مەروە کێیە؟
مەروە عوبەیدی، کە لەنێو هەوادارەکانی بە (ماکیرە مەروە) ناسراوە، یەکێکە لە ڤلۆگەر و مەیکئەپ ئارتێستە ناسراوەکانی بەغدا. مەروە خاوەنی فۆڵۆوەرزێکی زۆرە لە تیکتۆک و ئینستاگرام و بەهۆی ڤیدیۆکانی لەبارەی مکیاژ و هەندێکجار ژیانی تایبەتییەوە، بەردەوام دەنگدانەوەی هەبووە.
مەروە پێشتریش چەند جارێک لەلایەن لیژنە تایبەتەکانی وەزارەتی ناوخۆوە هۆشداری پێدرابوو لەبارەی ئەو شێوازە ئاخاوتن و نێوەرۆکەی لە ڤیدیۆکانیدا پێشکێشی دەکات، کە بە گوتەی لیژنەکە "لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگەی عێراقیدا ناگونجێن."
هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی "نێوەرۆکی نەشیاو"
ئەم سزادانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دێت کە لە سەرەتای ساڵی 2023ـوە دەستیپێکردووە. ئامانجی هەڵمەتەکە سزادانی ئەو کەسانەیە کە لە سۆشیاڵ میدیا ڤیدیۆی "نەشیاو" بڵاودەکەنەوە یان سووکایەتی بە دامەزراوەکان و پیرۆزییەکان دەکەن.
تاوەکو ئێستا لەچوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا چەندین تیکتۆکەر و ڤلۆگەری دیکە سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە. وەزارەتی ناوخۆش پلاتفۆرمێکی ئەلکترۆنی بە ناوی "بەلغ" داناوە تاوەکو هاووڵاتییان لەو رێگەیەوە سەرنج و سکاڵاکانیان لەسەر ئەو جۆرە نێوەرۆکانە بنووسن و بینێرن بۆ وەزارەتەکە.
.webp&w=3840&q=75)

