رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، قەرەباڵخی لە وێستگەکانی بەنزین پەیوەستە بە جیاوازیی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن و رۆژانە بە نزیکەیی پێنج ملیۆن لیتر کورتهێنانی دەبێت.
رۆژی هەینی، 4ـی ئەیلوولی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ئەو قەرەباڵخییەی لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین لە وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی دروست بووە، پەیوەستە بە جیاوازی لە نێوان بڕی بەرهەمهێنراو و خواستەوە.
سەلیم روکابی رایگەیاند، بڕی کورتهێنانەکە رۆژانە بەگوێرەی بەکارهێنان دەگۆڕێت و بە نزیکەیی دەکاتە پێنج هەزار مەتر سێجا (پێنج ملیۆن لیتر).
پێویستیی رۆژانەی عێراق بۆ بەنزین لە وەرزی گەرمادا نزیکەی 35 ملیۆن لیترە، ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت بەشێکی بە هاوردەکردن پڕ دەکرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "بەهۆی ئەو کورتهێنانەوە وەزارەت پەنای بۆ هاوردەکردنی بەنزینی موحەسەن بردووە کە لە رێگەی دەریاوە هاوردە دەکرێت و بۆ ئەوە زیاتر لە کەشتییەک بەکاردەهێنێت، بەڵام رووداوەکانی ناوچەکە وایان کردووە کە کێشە بۆ جووڵەی کەشتییەکان دروست بێت و هەندێجار دواکەون لە گەیشتن بە بەندەرەکانی عێراق."



