رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی عێراق لە تورکیا کاراکردنی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە رێگەی گەشەپێدان تاوتوێ دەکەن، یەکێک لەو پرسانەی باسکراوە تێپەڕینی رێگەیەکە لەنێوان پێشابوور لە هەرێمی کوردستان و ئۆڤاکۆیی لە باکووری کوردستان.
شاندەکە کە نوێنەرانی دەروازە سنوورییەکان و وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بوون، سەرەتای هەفتە چوونەتە تورکیا و رۆژی 2ی ئەیلوول گەڕاونەتەوە.
حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سەردانی ئەو شاندە بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی لایەنی تورکی و عێراقی بووە لە هەفتەی رابردوودا، لەبارەی کاراکردنی خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە چوارچێوەیەکدا لەگەڵ تورکیا؛ لەوانەش سەرپەرشتیکردنی راستەوخۆی حکومەت بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بۆ خستنەڕووی تێڕوانینەکانی هەردوولا لەبارەى خاڵەکانى رێککەوتنەکە، تاوەکو لەسەریان رێکبکەون و دواتر گرێبەست واژۆ بکەن.
ئەو کۆبوونەوانە بۆ کاراکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە بووە کە لە 28ی تەمووزی ئەم ساڵ شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران لەگەڵ لایەنی تورکیا لەبارەی رێگەی گەشەپێدان ئەنجامیان دابوو.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە بەغدا دوو کۆبوونەوە کراون و کۆبوونەوەی هاوشێوەش لە تورکیا کراوە، یەکێک لە پرسەکانی کۆبوونەوەکانی تورکیا تایبەت بووە بە رێگەی گەشەپێدان، رێگەی پێشابوور و فراوانکردنی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا.
حوسێن ئەحمەد رایگەیاند، دوای ئەوەی لەبارەی خاڵەکانی رێککەوتن کرا، کار لەسەر گرێبەستەکان دەکرێت، لە کۆبوونەوەکانی تورکیادا دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکە، لیژنە تەکنیکییەکان، وەبەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە، هەژمارە بانکییەکانی هەردوولا و بەڕێوەبردنیان، شێوازی ناوبژیوانی لە ئەگەری دروستبوونی کێشەدا باسکراون.
رێگەی گەشەپێدان، 1187 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەری فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنووری باکووری کوردستان و تورکیا.
بەگوێرەی ئەو نەخشەیەی دەست رووداو کەوتووە، تەنیا 12 کیلۆمەتر بە سنووری هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت لە گوندی پێشابوور، کە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە لە سنووری پارێزگای دهۆک.
رێگەی گەشەپێدان لە هێڵی ئاسنین و رێگەی وشکانی پێکدێت بۆ گواستنەوەی گەشتیار و کاڵای بازرگانى و بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێپەر دەبێت. تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، قۆناخی یەکەمی لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت و دوایین قۆناخیشی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.



