رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027، چەندین داواکاریی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە کە دامەزراندنی 39 هەزار کارمەندی گرێبەست، هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لەخۆدەگرێت.
بەپێی ئەو رەشنووسەی ئامادەکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای پلەبەرزکردنەوەی 360 هەزار فەرمانبەر دەکات کە لە ساڵی 2025 پلەبەرزکردنەوەیان راگیراوە.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق هەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە نوێنەرانی هەرێم کراوە وەک لیژنەی دانوستاندن لە وەزارەتی دارایی ئامادەبن بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجەی هەرێم و جێگیرکردنی لەنێو بودجەی فیدراڵی، بۆ ئەوەی پێشوەختە کاری لەسەر بکرێت."
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە کۆببنەوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: "ئەگەر بودجە و مووچە پێکەوە بە خەرجیی راستەقینە هەژمار بکرێن، هیچ بۆ هەرێمی کوردستان نامێنێتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە سەرۆکی لیژنەی دارایی و زۆرینەی کوتلەکان کردووە کە بودجە "چۆن دێت، ئاوا تێپەڕێنرێت،" و گوتیشی، "ئەگەر ئاوا تێپەڕێت، مانای وایە رۆڵی ئێمە [وەک پەرلەمان] زۆر کەم دەبێت."
پێشبینی دەکرێت رۆژی 15-10-2027، پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی 2027ـی عێراق رادەستی پەرلەمان بکرێت.



