رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێ، دەستیان کردووە بە رێکارە دیپلۆماسی و یاساییەکان بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی 6 هەزار زیندانی بۆ وڵاتەکانی خۆیان، تاوەکو ماوەی سزاکانیان لەوێ تەواو بکەن.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "وەزارەت لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکانی 61 وڵاتی عەرەبی و بیانی لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدایە بۆ کاراکردنی رێککەوتنامەکان و واژۆکردنی لێکتێگەیشتن بۆ گواستنەوەی ئەم بەندکراوانە."
موراد ساعدی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە بریتییە لە کەمکردنەوەی ئەو گوشارە گەورەیەی لەسەر گرتووخانەکانمان هەیە بەهۆی زۆریی ژمارەی زیندانییان."
موراد ساعیدی رایگەیاند، ئەم بڕیارە ئەو سزادراوانە ناگرێتەوە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە هەمان وەزارەت بە رووداوی راگەیاند: "لێکۆڵینەوەی دادوەری بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و لایەنە ئەمنییەکان، لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو زیندانییانە کە چەکداری داعش بوون."
سەرچاوەکە گوتی، لێکۆڵینەوەکە بە رێژەی 95% تەواو بووە و ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەوابوونی لێکۆڵینەوە، سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەدا رادەگەیێندرێ.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی عێراق، زیندانییانی خەڵکی سووریا لە پلەی یەکەمی لیستی ئەو کەسانەدان پلان هەیە رەوانە بکرێنەوە، دوای ئەوانیش زیندانییانی خەڵکی مەغریب، تونس و تورکیا دێن. هەروەها لە ناو لیستەکەدا هاووڵاتیی ئەمریکی، کەنەدی و رووسیایی هەن.
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێ، گرتووخانەی ناوەندیی کەرخیان لە بەغدا دیاریکردووە وەک بنکەی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەی ئەو 6 هەزار زیندانییە پێش ئەوەی رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەیان تەواو بێت.
بەشێکی ئەو زیندانییانە ئەوانەن لە کاتی شەڕی ئەم ساڵی نێوان هەسەدە و سوپای سووریا لەو وڵاتەوە بۆ عێراق گوێزرانەوە.


