رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، نۆ کەسیان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەربەلا و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دەستگیرکردووە، کە لەبەرامبەر وەرگرتنی بەرتیلدا، بڕوانامەی پشکنینی "تووندوتۆڵی ئۆتۆمبێل" بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەرکردووە، کە مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە.
رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوە دوای بەدواداچوون و وردبینی، توانیویانە سێ فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەربەلا و شەش کارمەندی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە گرێبەستی "تووندوتۆڵی ئۆتۆمبێل"ـیان لەگەڵ حکومەت هەیە، دەستگیربکەن.
ئەم تۆمەتبارانە بە نایاسایی و بەرامبەر بڕێک پارە، بڕوانامەی پشکنینیان بۆ ئۆتۆمبێلە "بێکەڵک و تێکچووەکان" دەرکردووە، تاوەکو وەک ئۆتۆمبێلی بێکێشە لەنێو فەرمانگەکاندا مامەڵەیان بۆ بکرێت.
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر بڕێک پارەی بەرتیلدا گرتووە، کە لای یەکێک لە فەرمانبەرەکان بووە.
هەروەها دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێکیان دووبارە پشکنیوەتەوە کە پێشتر لەلایەن ئەو باندەوە "پەسند" کرابوو، دەرکەوتووە کە بەهیچ شێوەیەک لە پشکنینی تەکنیکی دەرناچێت و جیاوازییەکی زۆر لەنێوان پشکنینە راستەقینەکە و ئەو بڕوانامەیەدا هەبووە کە بۆی دەرکراوە.
دادوەری لێکۆڵینەوەی کەربەلا بڕیاریداوە هەموو تۆمەتبارەکان بەپێی مادەکانی 310 و 307 لە یاسای سزاکانی عێراق رابگیرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.



