رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی تایبەتدا لە بەغدا، دوو کەس بە تۆمەتی ساختەکردنی دۆلار دەستگیرکران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، دەست بەسەر چاپخانەیەک و ئەو کەرەستانەشدا گیراوە کە بۆ ساختەکارییەکە بەکارهێندراون.
ئاژانسەکە ئۆپەراسیۆنەکەی بە "گورزێکی جۆری" بۆ سەر ئەو تاوانانە ناوبرد کە زیان بە ئابووریی نیشتمانی دەگەیێنن و ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەکە دوای وەرگرتنی زانیاریی وردی هەواڵگری و رەزامەندیی دادوەری ئەنجامدراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای چاودێریی وردی جموجۆڵی تۆمەتبارەکان، لە بۆسەیەکدا لە کاتی کردنی تاوانەکەیاندا دەستگیرکران و دەست بەسەر بڕێک پارەی ساختە، چاپخانەکە و تەواوی ئامێرەکانی ساختەکردندا گیرا.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران گیراوەتەبەر و رەوانەی دادگای تایبەتمەند کراون. ئاژانسی هەواڵگریی عێراق جەختی لەوە کردەوە، بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی "باندەکانی تاوانی ئابووری و وشککردنی سەرچاوەکانیان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت یاری بە ئاسایشی ئابووریی وڵاتەوە بکات."


.jpg&w=3840&q=75)
