رووداو دیجیتاڵ
وەبەرهێنەرێکی کورد بە ناوی عوسمان کەریم، سکاڵا لە دژی ژمارەیەک بەرپرسی ئێستا و پێشووی پارێزگای سەلاحەدین تۆمار دەکات و دەڵێت، "بە زۆر و هەڕەشەی چەکداری" ناچارکراوە دەستبەرداری پرۆژەیەکی وەبەرهێنان ببێت کە بەهاکەی نزیکەی 14 ملیۆن دۆلار بووە، دوای ئەوەی بەرپرسان داوای پشکی گەورەیان لە پرۆژەکەدا کردووە.
عوسمان کەریم، لە ساڵی 2023 لەگەڵ هاوبەشێکیدا بە ناوی لەزگین حەسەن، دەستیان کرد بە رێکارە یاساییەکان بۆ وەرگرتنی زەوییەکی 60 دۆنمی لە تکریت بە مەبەستی دروستکردنی پرۆژەیەکی بازرگانی کە پێکهاتبوو لە "پێشانگای ئۆتۆمبێل و بریکارە بازرگانییەکان." بەڵام وەک خۆی دەڵێت، لە قۆناخە سەرەتاییەکانەوە رووبەڕووی داواکاریی نایاسایی بووەتەوە.
بە گوتەی ئەو وەبەرهێنەرە کوردە، سەرۆکی شارەوانیی تکریت داوای 10%، بەرپرسێک لە دەستەی وەبەرهێنانی سەلاحەدین بە ناوی ئەرکان جەوهەر داوای 15% و بەرپرسێکی ئەمنی بە پلەی عەمید داوای 20%ـی پرۆژەکەیان لێکردووە لە بەرامبەر راییکردنی مامەڵەکانی. بەمەش کۆی 45%ـی پشکەکانی پرۆژەکەیان داواکردووە.
بەڵگەنامەی "گرێبەستی هاوبەشی" کە واژۆی شەش کەسی لەسەرە، دەریدەخات کە پشکەکانی پرۆژەکە دابەشکراون. لە گرێبەستەکەدا، عوسمان کەریم 25% و هاوبەشەکەی 20%ـی پشکیان بەردەکەوێت، لە کاتێکدا 55%ـی پشکەکان بۆ چوار کەسی دیکە دادەنرێت کە عوسمان دەڵێت، کەسوکاری ئەو بەرپرسانەن کە داوای بەرتیلیان لێکردووە.
ئەو وەبەرهێنەرە دەڵێت، دوای ئەوەی بە ناچاری رازی بووە بە دابەشکردنی پشکەکان، بەدر فەحل، پارێزگاری پێشووی سەلاحەدین، پرۆژەکەی بە ناوی برازایەکی خۆیەوە کردووە و دواتر بە پێنج ملیۆن دۆلار بە کەسێکی دیکەی فرۆشتووە. ئەو کەسە ناوی ئەیووب سەعدی مەحموودە، کە بەپێی مۆڵەتی وەبەرهێنانی ژمارە (209)ـی ساڵی 2024، ئێستا خاوەنی یاسایی پرۆژەکەیە.
عوسمان کەریم، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات، گوتی: "بانگیان کردم و لە ژوورێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداری دەمامکدار، ناچاریان کردم واژۆ لەسەر وازهێنان لە پرۆژەکە بکەم لە بەرامبەر وەرگرتنی 70 هەزار دۆلار."
د. ئەمین، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی سەلاحەدین، بە رووداوی گوت، کێشەکە پێش دەستبەکاربوونی ئەو لە 30ـی نیسانی 2024 روویداوە و ئاگاداری وردەکارییەکان نییە. ئەو پشتڕاستی دەکاتەوە کە پرۆژەکە ئێستا بە ناوی کەسێکی خەڵکی تکریتە، بەڵام کێشەی پێشووتر بە "ناکۆکیی نێوان خۆیان" ناودەبات.
لەیس جبووری، بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی وەبەرهێنانی سەلاحەدین، لە (بەرپرسیار) جەختیکردەوە کە "عوسمان کەریم هەموو رێکارەکانی بە شێوەی یاسایی بڕیوە" و تاوەکو ئەو لە پۆستەکەیدا بووە هیچ کێشەیەک نەبووە. جبووری دەڵێت، "شۆک بووە" بە بیستنی ئەو کێشانەی دواتر دروستبوون و داوای لێکۆڵینەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.
ئەیووب سەعدی، خاوەنی ئێستای پرۆژەکە، هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و بە رووداوی گوت: "هیچ بەڵگەیەک نییە کە من پرۆژەکەم بردبێت، من مۆڵەتی یاساییم هەیە کە لە ساڵی 2024 وەرمگرتووە دوای ئەوەی لە 2013 داواکاریم پێشکەش کردبوو."
بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە عوسمان کەریم سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە. نووسراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە ساڵی 2021 دەرچووە، داوا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەکات لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بکات و دۆسییەکە لە سەلاحەدینەوە بۆ بەغدا بگوازێتەوە، "بۆ لابردنی ئاستەنگی لەسەر دادگا بەهۆی ئەوەی یەکێک لە سکاڵالێکراوەکان پۆستی پارێزگاری وەرگرتووە."
هەروەها داوا کراوە کارکردن لە پرۆژەکە رابگیرێت تاوەکو دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە. عوسمان کەریم دەڵێت، "زیاتر لە 80 دەفتەر دۆلار"ـی لە پرۆژەکانی تکریت خەرجکردووە و چاوەڕێی بڕیاری دادگایە و داوای لە دەستەی دەستپاکیی سەلاحەدین کردووە دۆسیەکەی بگوازرێتەوە بۆ بەغدا.


