رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق، واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی "داگیرکارییەکی گشتگیر"ی بەسەر ئابووری و ئاسمانی عێراق دا سەپاندووە و رێگری لە پەرەپێدانی کەرتی وزە دەکات.
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، نەوتی عێراق دەفرۆشرێ، بەڵام حکومەت مافی تەواوی نییە لە خەرجکردنی پارەکەی، چونکە "داگیرکاریی ئەمریکا بەسەر پارەی عێراقدا هەیە."
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئاسمانی وڵات لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە و تەنانەت فڕۆکەکانی عێراقیش بەبێ مۆڵەتی واشنتن ناتوانن بە ئاسمانی وڵاتەکەیاندا بفڕن.
سەبارەت بە کەرتی کارەبا، ئەبو ئالا وەلائی واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی رێگری دەکات لەوەی عێراق کارەبا لە ئێران یان تورکیا بکڕێ، یان گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای (سیمنس)ی ئەڵمانی و کۆمپانیاکانی چین واژۆ بکات بۆ نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا.
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی ناوی خۆیان ناوە (موقاوەمەی ئیسلامی) و دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکان لە عێراق.
پارەی نەوتی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە لە هەژمارێکی بانکی لە ژێر چاودێریی بانکی فیدراڵیی ئەمریکادایە.


