رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، حکومەتی عێراق "شکستخواردوو" بووە لە دابینکردنی رێڕەوی هەمەجۆری هەناردەکردن، ئەمەش وایکردووە وڵاتەکە رووبەڕووی کێشە ببێتەوە، بە جۆرێک لە 6 مانگی رابردوودا زیاتر لە 80 ملیار دۆلار زیانی کردووە.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، لە رابردوودا وەزارەتی نەوتی عێراق نەیتوانیوە بەندەر و بۆریی نەوتی جێگرەوە بۆ کەنداو دابین بکات.
بە گوتەی هەرێم کەمال ئاغا، ئەم پشتبەستنە بە تەنیا یەک رێڕەوی سەرەکی، وایکردووە عێراق لاواز بێت، تەنانەت ئەگەر بەشێک نەبێت لەو جەنگ و ململانێیەی هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ شەڕ لە عێراقیش نییە و لە ناوچەکەیە، بەڵام عێراق بووەتە بارمتە."
"زیانە ئابوورییەکان"
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، زیانی عێراق بەهۆی بەربەستی بەردەم هەناردەکردنی نەوتەوە لە 6 مانگی رابردوودا "لە سەرووی 80 ملیار دۆلارەوە دەخەمڵێندرێ."
هەرێم کەمال ئاغا گوتیشی، ئەگەر عێراق رۆژانە کەمتر لە 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێ، ئەوا رووبەڕووی "کورتهێنان" لە دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان دەبێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا دۆخەکە باشتر بووە، بە جۆرێک چوارشەممەی رابردوو 2.4 ملیۆن بەرمیل نێردرا کە ئەمە "زۆرترین بڕە" بەم دواییە نێردرابێت.
هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی زیاتر لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بەردەوامن، "بڕیارە لە نزیکترین کاتدا هێڵێکی دیکەی کەرکووک بۆ بەندەری جیهان کاری پێ بکرێت. دوا رێککەوتن لەگەڵ تورکیا ئەوە بووە کە بتوانرێ هەناردەکردن بگاتە 750 هەزار بۆ یەک ملیۆن بەرمیل، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."
هەرێم کەمال ئاغا باسی لە کێشەی دابینکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ئەو 50 هەزار بەرمیلەی رۆژانە دەدرێتە پاڵاوگەکان "بەش ناکات" و ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ تاوتوێکردنی دوو بژاردە: یەکەمیان زیادکردنی ئەو پشکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە؛ دووەمیان ئەوەی کە وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازی کردووە ئەو 50 هەزار بەرمیلە بخرێتە ناو بۆریی سۆمۆ، داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت و لەوێوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دابین بکرێ.
یاسای حەشدی شەعبی
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی باسی لە رێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان لە عێراق و گوتی، "پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق، ئینجا ناوی بنێی پێشمەرگە یان پاسەوانی سنوور."
سەبارەت بە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی، هەرێم کەمال ئاغا رایگەیاند، ئامادەن دەنگی پێبدەن، "بەڵام بە مەرجێک لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراق دا بێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتیشی، دەبێت یاسای حەشدی شەعبی، هاوشێوەی یاساکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، هەموو ماف و ئەرکی ئەندامانی ئەو هێزە لە دامەزراندنەوە تا خانەنشینبوون دیاری بکات و نابێت لە چوارچێوەی دەستوور و سیستمی دەوڵەت دەربچێت.
هەرێم کەمال ئاغا هۆشداری دا لەوەی عێراق لە دووڕیانێکی هەستیاردایە و گوتی: "یان گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر، یان عێراق لەم قۆناخە دەربازی دەبێت؛" ئاماژەی بەوەشکرد، چی دیکە عێراق بەرگەی دابڕان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناگرێ و پێویستە رێگە نەدرێ هیچ گرووپێک وڵاتەکە تووشی شەڕ بکات.



