رووداو دیجیتاڵ
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر داوا لە هەموو لایەک دەکات بە دانایی مامەڵە بکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە سەقامگیرکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دەرفەت نەدەنە لایەنی دەرەکی بۆ ئەوەی پاساو بۆ هەژموونی بهێنێتەوە.
سێشەممە 18ی ئابی 2026، هادی عامری، راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی ئەمنیی ئێستای عێراق و چەکدانان بڵاوکردەوە.
هادی عامری داوای لە هەموو لایەک کردووە بەوپەڕی دانایی و ئارامییەوە مامەڵە بکەن و دۆخەکە ئاڵۆز نەکەن و دەڵێت: "ئێمە متمانەمان بە نییەتپاکی و پەرۆشی و لایەنی نیشتمانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و موقاوەمە هەیە و هەمووان ئامادەن بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و نیشتمانی و شەرعیی خۆیان لە ئەستۆ بگرن؛ هۆشداریش دەدەین لە دەرئەنجامی هەر بڕیاردانێکى خێرا و بێبەرنامە و هەراسانکەر."
ئەو پەیامەی هادی عامری لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند رۆژێکە پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانی نێو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی لێکەوتووەتەوە.
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر داوا لەو لایەنانە دەکات کە پەیوەندییان بە چەکدانان و سەقامگیرکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هەیە، بە رۆحیەتی بەرپرسیارانەی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن و دەرفەت نەدەنە لایەنی دەرەکی بۆ ئەوەی پاساوی هەبێت بۆ هەژموون و هێشتنەوەی باڵادەستی و کۆنتڕۆڵکردنی بڕیاری سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق و دەڵێت: "ئەوە بڕیارێکی نیشتمانی عێراقییە."




