رووداو دیجیتاڵ
پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە خوار 40 پلە و سەرۆکی بەشی کەشناسیی عێراقیش دەڵێت، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە گۆڕانکاریی گەورە لە کەشوهەوای عێراق روودەدات.
رۆژی سێشەممە 18ی ئابی 2026، مەحموود عەبدوللەتیف، سەرۆکی بەشی کەشناسی لە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق لەبەردەم دوو سیستمی کەشوهەوای جیاوازدایە، ناوچەکانی نێوەڕاست و باشوور زۆر گەرمن، بەڵام ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەی گەرمایان نزمترە."
سەرۆکی بەشی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، "رۆژی چوارشەممە پلەی گەرما لە هەولێر 39 پلە دەبێت، لە کاتێکدا لە مووسڵ 41 پلەیە، بەڵام لە باشوور پلەی گەرما زۆر بەرزە و لە هەندێک شوێن لە 50 پلە نزیک دەبێتەوە."
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم هەفتەیە، مەحموود عەبدوللەتیف گوتی، "بۆ رۆژی پێنجشەممە، پلەی گەرما لە نێوەڕاست و هەرێمی کوردستان کەمێک بەرز دەبێتەوە، بەهۆی چالاکبوونی با ئەگەری تۆز و خۆڵێکی سووک لە نێوەڕاست و باشوور هەیە."
بە گوتەی سەرۆکی بەشی کەشناسی، رۆژانی هەینی و شەممە پلەی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان بەرز دەبێتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەبێت.
پلەی گەرما بۆ رۆژی چوارشەممە لە بەشێکی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
- دهۆک و سلێمانی: 37 پلە
- هەولێر: 39 پلە
- نەینەوا و کەرکووک: 40 پلە
- بەغدا: 42 پلە
- بەسرە: 47 پلە
مەحموود عەبدولـەتیف دەڵێت، "ئەم هەفتەیە هیچ دابەزینێکی ئەوتۆ لە پلەی گەرما روونادات، بەڵام پێویستە هاووڵاتییان چاوەڕێی 1ی ئەیلوول بکەن، هەست بە گۆڕانکارییەکی راستەقینە دەکەین و گۆڕانکاریی گەورە لە پلەکانی گەرمادا روودەدات و بەرەو کەشوهەوای پاییزی هەنگاو دەنێین."



